کڵۆپ دوو مەرجی قورسی بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز هەیە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  42 جار خوێنراوەتەوە

یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری ئەڵمانی دەرگا بۆ بوون بە راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەکاتەوە، بەڵام دوو مەرجی قورسی بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی میرێنگێ داناوە بۆ ئەوەی رازی بێت پۆستەکە وەربگرێت.
 
لە کاتێکدا کەشتییەکەی ریال مەدرید لە دوای رۆیشتنی چابی ئەلۆنسۆ و دۆڕانی کلاسیکۆی سوپەر بەرامبەر بارسێلۆنا، لەژێر دەستی ئەلڤارۆ ئەربێلوا بەدوای کەنارێکی ئارامدا دەگەڕێت، جارێکی دیکە ناوی 'رێوییە ئەڵمانییەکە' بووەتەوە سەردێڕی گەرمی میدیاکان. 
 
یۆرگن کڵۆپ، ئەو پیاوەی لە ئانفێڵد شۆڕشی بەرپاکرد، ئێستا لەسەر مێزی گفتوگۆی مەدریدییەکانە، بەڵام بە مەرجگەلێک کە بۆنی 'شۆڕشێکی رەها'یان لێ دێت.
 
کڵۆپ کە پێشتر سوور بوو لەسەر پشوودان، ئێستا دەرگاکانی بۆ 'قەڵای سپی' واڵاکردووە. ئەو بە رۆژنامەی ئەی ئێسی راگەیاندووە "من ئێستا لە دۆخێکی زۆر ئارامدام، بەڵام لە جیهانی تۆپی پێدا هیچ شتێک مەحاڵ نییە". ئەم لێدوانە وەک پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز لێکدرایەوە.
 
کۆنترۆڵی رەها یان هیچ!
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی The Touchline، کڵۆپ تەنیا بۆ پۆستێکی ئاسایی ناچێتە مەدرید، بەڵکو دەیەوێت ببێتە  بڕیاردەری یەکەم و کۆتایی. مەرجی یەکەمی کڵۆپ بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی میرێنگێ، بریتییە لە هەبوونی دەسەڵاتی رەها بەسەر بازاڕی گواستنەوەکاندا؛ کڵۆپ دەیەوێت کلیلی هاتن و چوونی هەموو یاریزانەکان تەنیا لە گیرفانی خۆیدا بێت و کەس دەستوەردان لە پلانەکانیدا نەکات.
 
دوورخستنەوەی دوو کۆڵەکە؛ قوربانییە گەورەکانی کڵۆپ
 
بەڵام ئەوەی هەمووانی تووشی شۆک کردووە، لیستی ئەو یاریزانانەیە کە کڵۆپ نایەوێت لە تیپەکەدا بیانبینێت. راهێنەرە ئەڵمانییەکە بەڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە هەریەکە لە دانی کارڤاخال، فێرلاند مێندی لە ناو پلانەکانیدا نین و دەبێت یانەکە بەیەکجاری ماڵئاواییان لێبکات.
 
کڵۆپ دەیەوێت بە خوێنێکی نوێوە دەست بە کارەکانی بکات و پێیوایە سەردەمی ئەو دوو یاریزانە لە بێرنابیۆ کۆتایی هاتووە و سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە باس لەوە دەکەن کە نوێنەرانی کڵۆپ ئەو دوو مەرجەیان بە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید راگەیاندووە.
 
هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دکەن کە داواکارییەکی دیکەی کڵۆپ گرێبەستکردنە لەگەڵ ئێرلینگ هالاندی ئەستێرەی نەرویجی یانەی مانچێستەر  سیتی، بەڵام سەرچاوەکان نافەرمین و هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
پرسیار ئەوەیە ئایا پێرێز ئامادەیە لەبەر خاتری چاوە شینەکانی کڵۆپ، دەستبەرداری دوو لە جەنگاوەرە دڵسۆزەکانی بێت؟ یان ئەم مەرجانە دەبنە بەربەست لەبەردەم گەیشتنی یۆرگن بە پایتەختی ئیسپانیا؟ تەنیا کات وەڵامی ئەم تاقیکردنەوە سەختە دەداتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە