هانزی فلیک: ئەلۆنسۆ راهێنەرێکی نایابە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
41 جار خوێنراوەتەوە
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند کە چابی ئەلۆنسۆ راهێنەرێکی نایابە و دووپاتی کردەوە کە پڕۆژەیەکی گەورەی دەست دەکەوێتەوە. سەبارەت بە ئەلڤارۆ ئەربێلواش گوتی "دەبێت ریال مەدرید متمانەی پێبکات".
راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر سانتاندێرز، کە ئەمشەو لە قۆناخی 16ـی جامی شای ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، سەرەتا باسی هاتنی جواو کانسێلۆ بۆ ریزەکانی یانەکەی کرد و گوتی "جواو یاریزانێکی نایابی تۆپی پێیە. کوالێتییەکی زۆری هەیە، بەتایبەت لە هێرشبەریدا. ئەمە رێک ئەو شتەیە کە ئێمە پێویستمانە. ئێمە پێویستیمان بەو جۆرە یاریزانانەیە کاتێک رکابەرەکەمان لە سێیەکی کۆتایی یاریگەدایە و پێویستە تێیانپەڕێنین. پێموایە لەوێشدا پێویستمان بە کوالێتی هەیە و ئەویش بژاردەیەکی باشە بۆ ئەوە".
فلیک سەبارەت بە چابی ئەلۆنسۆش، گوتی "پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ هەیە. کاتێک راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بووم لە لیڤەرکوزن یەکدیمان بینی و هەمیشە لە پەیوەندیدا بووم لەگەڵیدا. ئەو راهێنەرێکی نایابە. تۆپی پێ ئاوایە و دەبێت ئەم شتانە قبوڵ بکەین. هیوای باشترینی بۆ دەخوازم. پێموایە پڕۆژەیەکی نوێی گەورە بەدەستدەهێنێت، چ بۆ خۆی و چ بۆ ستافەکەی. تۆپی پێ بەمشێوەیەیە. دەبێت بەردەوام بین و بیر لەوە بکەینەوە کە چی باشتر بکەین. ئەو راهێنەرێکی نایابە و داهاتوویەکی گەورەی هەیە".
ئینجا لەبارەی ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری نوێی ریال مەدرید پرسیاریان لێکرد و ئەو گوتی "دەبێت یانەکە بڕوای ئەربێلوا هەبێت، هەروەها تیمەکەش. بەمشێوەیەیە. ئەو کەسانەشی بڕیاردەرن دەبێت ئەو کارە بکەن متمانەت پێبکەن. لە ریال مەدریدیش ئەوەیان کردووە، بەڵام ئەمە کاری من نییە و نامەوێت قسەی لەسەر بکەم، چونکە پێموایە کاری راهێنەرایەتی زۆر قورسە. بەرپرسیاریەتییەکی زۆرمان لەسەرە بەرامبەر هەموو ئەم شتانە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە بەشێکە لە یارییەکەمان و لە کارەکەمان و دەبێت لەگەڵیدا بژین".
ئەو لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی "خەڵکی لێرە لە بارسێلۆنا زۆر لەگەڵ من و ستافەکەم میهرەبانن. ژیان لێرە زۆر خۆشە، بەڵام ئێمە بەرپرسیاریەتی خۆمان بەرامبەر ئەم یانەیە، هاندەران و هەموو کەسێک لێرە دەزانین. ئێمە هەموو رۆژێک بەڕەنجی زۆرەوە کار دەکەین، ئەمە ئەو شتەیە کە دەمانەوێت. یەکەم نازناویشمان بردەوە، بەڵام ئەوە کۆتاییهات و تەواو بوو. ئێستا دەبێت سەرنج بخەینە سەر یاریی داهاتوو، چونکە سانتاندێریش دەیەوێت لە ئێمە بباتەوە".
|