پێرێز یەکەم داواکاریی ئەربێلوای رەتکردەوە

3   کاتژمێر پێش ئێستا  29 جار خوێنراوەتەوە

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید یەکەم داواکاریی ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری نوێی یانەی شاهانە رەتدەکاتەوە و رێگە نادات یاریزانێکی پۆرتوگالیی یانەی هیلالی سعودی بگوازێتەوە.
 
رۆبن نێڤێس، ئەستێرەی پۆرتوگالی و داینەمۆی هێڵی ناوەندی یانەی هیلالی سعوودی، خەون بە پۆشینی درێسی سپی مەدریدەوە دەبینێت. بەپێی نوێترین زانیارییەکان، ئەم یاریزانە هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی لەم مێرکاتۆیەدا روو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بکات، تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی نوێنەرانی بەشێوەیەکی راستەوخۆ ناوی یاریزانەکەیان پێشکەشی کارگێڕیی یانە شاهانەکە کردووە.
 
رادیۆی کادینا سێری ئیسپانی پەردەی لەسەر نهێنییەکان لادا و ئاشکرایکردووە، نێڤێسی تەمەن 28 ساڵ، بەڕوونی بە نوێنەرانی راگەیاندووە کە ئارەزوویەکی بێسنووری هەیە بۆ ئەوەی هەر لەم مانگەدا پەیوەندی بە ریزەکانی مێرێنگییەوە بکات.
 
لە لایەکی دیکەوە، دەستەی تەکنیکیی یانە مەدریدییەکە و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەلڤارۆ ئەربێلوا، پێیانوایە هێڵی ناوەندی تیپەکە پێویستی بە خوێنێکی نوێ و بەهێزکردنی بەپەلە هەیە. ئەوان نێڤێس، کە گرێبەستەکەی لەگەڵ هیلال تاوەکو هاوینی 2026 بەردەوامە، وەک بژاردەیەکی ژیرانە و گونجاو دەبینن بۆ ئەوەی کێشەکانی ناوەندی یاریگەی پێ چارەسەر بکەن، جا چ لەم زستانەدا بێت یان بۆ وەرزی داهاتوو.
 
بەڵام وەک سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە باسی دەکەن، کەشتییەکانی مەدرید بەو ئاراستەیەدا ناڕۆن کە ئەربێلوا و نێڤێس دەیانەوێت. فلۆرێنتینۆ پێرێز، پیاوە بەهێزەکەی ریال مەدرید، بۆچوونەکەی بەتەواوی جیاوازە. سەرۆک نەک هەر پێشنیازی دەستە تەکنیکییەکەی رەتکردووەتەوە، بەڵکو پێیوایە خەرجکردنی پارە بۆ کڕینی یاریزان لە نیوەی وەرزدا سەرکێشییەکی داراییە و هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ درەوشانەوەی دەستبەجێی یاریزانەکە. ئەمە سیاسەتە نەگۆڕەکەی پێرێزە؛ ئەو زۆر بە دەگمەن و تەنیا لە حاڵەتی زۆر ناچاریدا نەبێت، لە مێرکاتۆی زستانەدا دەست بۆ کڕینی یاریزان دەبات.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، تیمی کارگێڕیی ریال مەدرید هیچ نەرمیەکیان نیشان نەداوە و پێداگرن لەسەر ئەوەی دەرگای یانەکە بەڕووی هەر گرێبەستێکی نوێدا لەم مانگەدا دابخەن. ئەوان دەیانەوێت بەم پێکهاتەیەی ئێستاوە بەردەوام بن و نایانەوێت تیپەکە بخەنە ناو گێژاوی گرێبەستە بەپەلەکان و سەرکێشییە داراییەکانەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە