هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کەی دەست پێ دەکاتەوە؟

2025-02-06  143 جار خوێنراوەتەوە

٧ڕۆژ - تایبەت

  ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان رێککەوتنی ئەم دواییەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی خستە بواری جێبەجێ کردنەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ هەناردەکردنەوەکە راسپارد، بەڵام هێشتا دیار نیە کەی پڕۆسەکە دەست پێ دەکات.

یەکشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی بە هەمواری یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ی عێراق دا کە تایبەتە بە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەی هەموارەکە، خەرجی دەرهێنان و هەناردەکردنی هەر بەرمیلێک نەوت ١٦ دۆلار دیاریکراوە تا لە ماوەی دوو مانگدا هەولێر و بەغدا لەسەر لایەنی سێهەم بۆ هەڵسەنگاندنی خەرجی راستەقینەی هەر بەرمیلێک دیاری دەکەن.

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) کە لە ژمارەیەک کۆمپانیای بینای پێکهاتووە و بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی لە ئەستۆیە پێشوازی لە هەمواری یاسای بودجە کرد.

مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەکە رایگەیاند سەرنجیان لەسەر گەیشتن بەرێککەوتن دەبێت بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق – تورکیاوە.

هاوکات، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق  رایگەیاند هەنگاوەکانیان بۆ رادەستکردنی نەوت دەست پێ کردووە و بۆ ئەو مەبەستە نوسراویان ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم کردووە.

وتیشی نوسراومان ئاراستەی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ.

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، رۆژانە بڕی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرن.

لە بەرانبەردا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان راسپێردرا بە رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ.

دواخستنی هەر رۆژێکی نەوت بە سۆمۆ زیانی داهاتی 300 هەزار بەرمیل نەوت بە هەرێم و عێراق دەدات بەوپێیەی داهاتەکەی دیار نیە چی بەسەر دێت.

لە دوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە مانگی سێی ساڵی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا بەرهەمهێنان بەردەوام بووە و رانەگیراوە رۆژانە ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ هەزار بەرمیل بەرهەم هاتووە و بە قاچاخ ساغ کراوەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا هیچ داهاتێکی ئەو نەوتە نەگەڕاوەتەوە خەزێنەی حکوومەت.

بە گوێرەی هەمواری یاسای بودجە، ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوت رادەست بکات عێراق لە بەرانبەردا پشکی هەرێم رەوانە دەکات کە ئەگەر کێشەی بۆ دروست نەکرێتەوە کێشەدارییەکانی هەرێمی کوردستان بەرەوچارەسەربوون دەڕۆن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە