هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چی بەسەر هات؟

2025-03-04  241 جار خوێنراوەتەوە

بۆچی،  ئێستا عێراق فشار بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەکات؟

سەرەڕای ئەوەی ئەم هەفتەیە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند دەست بە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە بەڵام تا ئێستا کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم ئامادەییان نیشان نەداوە دەست بە پرۆسەکە بکەن و بەوەش دیار نیە کەی هەناردەکردنی نەوت دەست پێ دەکاتەوە.

بڕیار وابوو ئەمڕۆ جارێکی دیکە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و گرووپی کۆمپانیاکانی ئەپیکۆر و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەڕێوەبچێتەوە بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێ کردنی داواکاری کۆمپانیاکان بوو لەسەر دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوت کە لە کۆبوونەوەی پێشوویاندا نەیانتوانی بگەنە هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی.

ماوەی نزیک بە دوو ساڵە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆرییەوە راگیراوە، بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بەردەوام بووە و رانەگیراوە.

نەوتی بەرهەمهێنراو بەشێکی زۆری لە رێگەی تانکەرەکانەوە بە قاچاخ رەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە کە مەزەندە دەکرێت رۆژانە لە رێگەی زیاتر لە هەزار تانکەرەوە سەرو ٢٠٠ هەزار بەرمیل رەوانە بکرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئەپیکۆر گفتوگۆی توند لە نێوانیان روویداوە و شاندی عێراق باسیان لەوەکردووە رێکنەکەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەکات.

بە بڕوای شارەزایان، هیچ کام لە حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکوومەتی هەرێم وەک پێویست خواستیان لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم نیە، گفتوگۆکانیش لە ژێر فشاری ئەمریکییەکان تا ئەم قۆناغەیان بڕیوە.

بەوپێیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بارگرانی گەورەی دارایی لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵ دروست دەکات لە بەرانبەردا داهاتێکی ئەوتۆی دەست ناکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناچار دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا رەوانە بکات.

ئەمریکا هۆشداری توندی داوەتە عێراق ئەگەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێ نەکاتەوە رووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە.

هەرچی حکوومەتی هەرێمە دەخوازێت هاوشێوەی ساڵی رابردوو مووچەی فەرمانبەرەکانی لە بەغداوە رەوانە بکرێت و ئەو نەوتەشی لە بەردەستیدایە بە قاچاخ ساغی بکاتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز هەرێمی کوردستان دەتوانێت تا ٣٧٥ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بەرهەم بهێنێت، بۆیە دواکەوتنی هەر رۆژێک لە هەناردەکردنەوەی نەوت داهاتێکی گەورە بۆ بەرپرسانی هەرێم دەگەڕێنێتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە