لەدوای ئاگربەستی پەکەکە، تورکیا زیاتر لە هەزار جار بۆردوومانی کردووە
2025-03-04
342 جار خوێنراوەتەوە
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاند: وێڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، کەچی تورکیا لە هێرشە ئاسمانی و وشکانییەکانی بەردەوامە بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
دوای ئەوەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوبات بڵاو کرایەوە کە داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی لە پەکەکە کرد، پەکەکە لە 1ـی ئادار ڕایگەیاند پابەندن بە بانگەوازەکە و ئاگربەستی ڕاگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی فورات ڕاگەیەندراوی ناوەندی چاپەمەنیی هەپەگەوە بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە دراوە وێڕای پابەندی پەکەکە و هەپەگە بە ئاگربەستەوە، کەچی تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی گەریلا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە: "پەکەکە و فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل لە 1ـی ئاداری 2025ەوە ئاگربەستیان ڕاگەیاندووە و پابەندن بە ئاگربەستەوەکەوە. بەڵام وێڕای ئەوەی ئێمە لە ئاگربەستداین، کەچی سوپای داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانی و وشکانییەکان بۆ سەر هێزەکانی گەریلا".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەو شوێنانەی لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەوە هێرشیان کراوەتە سەر:
1ـی ئادار چوار جار بە بۆمبی قەدەغەکراو هێرش کراوەتە سەر تونێڵەکانی گۆڕەپانی بەرخودانی گرێ جودی لە ناوچەی شەهید دەلیل/خۆرئاوای زاپ.
1 و 3ـی ئادار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو سێ جار هێرش کراوەتە سەر تونێڵەکانی گۆڕەپانی بەرخودانی گرێ ئامێدیێ لە ناوچەی شەهید دەلیل/خۆرئاوای زاپ.
1 و 2 و 3ـی ئادار شەش جار هێرش کراوەتە سەر گۆڕەپانەکانی دەشتا کافیا، دێرێشێ، گرێ مەسکەن، سپیندارێ لە ناوچەی گارا.
1 و 3ـی ئادار 28 جار هێرش کراوەتە سەر گۆڕەپانەکانی خۆڕاگری کەندەکۆلا، لۆلان، بەرێ زینێ لە ناوچەی خواکوڕک، 138 جاریش هێرش کراوەتە سەر گۆڕەپانەکانی زێڤکێ، کانی سارکێ، گرێ زەنگیل، گرگاشێ، مژێ، سپیندارێ، دێرەشێ و دەشتا کافیا لە ناوچەی گارا، 173 جاریش هێرش کراوەتە سەر گۆڕەپانەکانی بێشیلی، شێلازێ و سەرێ مەتینا لە ناوچەی مەتینا، 733 جاریش هێرش کراوەتە سەر گۆڕەپانەکانی خۆڕاگری گرێ جودێ، گرێ ئامێدیێ لە ناوچەی شەهید دەلیل/خۆرئاوای زاپ.
بەم جۆرەیش بە تێکڕایی هەزار و 72 جار بە چەکی قورس و تۆپهاوێژ هێرش کراوەتە سەر ئەو ناوچانە.
|