هۆکاری بینینی خاڵی ڕەش لە پێش چاو چییە ؟
2025-10-01
81 جار خوێنراوەتەوە
زۆرجار نەخۆش بە تایبەتی بەتەمەنەکان دووچاری ئەم حاڵەتە دەبن کە هەندێک شێوەی وەک تەنۆلکەی ورد، خاڵی ڕەش، تاڵی دەزوولەیی و باڵی مێشوولە دێتە بەر چاویان بە شێوەیەک نەخۆش دەیەوێت بە دەستی لایبەرێت و ناتوانێت، ئەم خاڵانە لەگەڵ جوڵانی چاو دەجوڵێن و دیار نامێنن، زیاتریش کاتێ دەردەکەون کە سەیری دیوارێکی سپی دەکەن، دکتۆرە نەشمیل عارف پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو لەم باسەدا ڕوونکردنەوەی زیاتر بە چارەخوازان دەدات.
ئەم خاڵانە چیین؟
ئەمانە نیشتوی بچووکی ناو شلەی چاون یان لەوانەیە بە هۆی گۆڕانکاری تەمەنەوە شلەی چاو خەستی کەم بکات و بچێتەوە یەک و سێبەرێک لەسەر تۆڕی چاو دروستبکات کە وەک ئەو خاڵانە دێتە بەرچاو.
هۆکارەکانی چین؟
1- تەمەن وەک باوترین هۆکار.
2- جیابوونەوەی شلەی چاو لە پشتەوە زیاتر لە سەروو 50 ساڵ یان ئەوانەی چاویان کزە.
3- کزی چاو.
4- بەرکەوتنی زەبری دەرەکی بە چاو.
5- هەوکردنی چاو.
6- خوێنبەر بوون بەهۆی شەکرە یان زەبرەوە یان دڕانی تۆڕی چاو.
7- نەشتەرگەری چاو (لابردنی ئاوی سپی) یان بەکارهێنانی لەیزەر بۆ چاو.
8- دڕان و جیابوونەوەی تۆڕەی چاو.
پێویستە لەم حاڵەتانەی خوارەوە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکرێت:
1- لە پڕ زیادبوونی ئەو خاڵانە یان دەزوولانە.
2- بینینی ڕوناکییەکی وەک هەورە بروسکە.
3- نەمانی بینینی لا تەنیشتەکان.
4- لە پڕ لە دەستدانی بینای ئەو چاوە.
ئایا چارەسەری هەیە؟
بەزۆری حاڵەتەکان بە هۆی تەمەنەوەیە و بێ زیانە، تەنها دەبێتە ناڕەحەتی بۆ نەخۆش ئەویش بە تێپەڕبوونی کات هەم کەم دەکات هەم نەخۆش ڕادێت لەگەڵی و پێویستی بە هیچ چارەسەرێک نییە، ئەو نەخۆشانە ڕێنوێنی دەکرێن کە ناو بە ناو سەردانی پزیشک بکەن، ئەو حاڵەتانەش کە کتوپڕن پێویستە بەپێی هۆکارەکەی چارەسەر بکرێت و چارەسەرەکانی بریتیین لە لەیزەر یاخود نەشتەرگەری تۆڕی چاو.
|