‌هۆکارەکانی تووشبوون بە سەوەفان کامانەن ؟

2025-09-27  288 جار خوێنراوەتەوە

نزیکەی هەموو خەڵک ئەگەر تەمەنیان درێژبێت تووشی سەوەفانی جومگە دەبن، نەخۆشی سەوەفان لە دەرەنجامی داخورانی کڕکڕاگەی نێوان ئێسکەکانەوە پەیدادەبێت کە دەبێتە هۆی هەستکردن بە ئازار، قفڵبوونی جومگە و ئاوسان، دکتۆرسەروەر سالار چوچانی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم لەم باسەدا هۆکارەکانی دووچاربوون بەم حاڵەتە ڕووندەکاتەوە.
 
بەشێک لە هۆکارەکانی تووشبوون بە سەوەفان بەدەست خۆمان نین، وەکوو:

1- هەڵکشانی تەمەن: بێگومان ناتوانین کاتژمێری تەمەن بۆ دواوە بگێڕینەوە.

2- ڕەگەز: ئەمەش لەدەستی خۆماندا نییە.

3- بۆماوە: بەر لە لەدایکبوون بۆمان هاتووە و تا هەتایە لەگەڵمان دەمێنێتەوە.

بەڵام کۆمەڵێک هۆکاری تر هەن دەتوانین بیانگۆڕین، بە گۆڕینیشیان بەشێکی زۆری گرفتی سەوەفانمان لەکۆڵ دەبێتەوە و زۆر کەمتر پێویستمان بە پزیشک و دەرمان دەبێت، ئەو هۆکارانەی دەتوانین بیانگۆڕین ئەمانەن:

1- کێش زۆری: کێشی زۆر ئەگەر سەوەفانت نەبێت زووتر لە خەڵکی تووشت دەکات، وە ئەگەر سەوەفانت هەبێت ئەوە زۆر خراپتری دەکات، بۆیە بڕیارێکی لێبڕاوانە بدە و پێش ئەوەی سەوەفان بتگەیەنێتە نەخۆشخانە و هۆڵی نەشتەرگەری کێشی خۆت دابگرە، هەر پێنج کیلۆ کێشی زیادە کە دایدەگری، سەدا پەنجا پێویستیت بە دەرمان کەمدەکاتەوە.

2- نەجووڵان و پشتگوێخستنی وەرزش: نەجوڵان وادەکات ماسولکە ڕاگرەکانی جومگەکەت لاواز ببن، هاوشێوەی خانوویەک کە پایەکانی لاواز دەبن و چیتر خۆی ڕاناگرێت، لاوازبوونی ماسولکە هۆکارێکی سەرەکی زوو تووشبوونە بە سەوەفان، لەوانەش کە تووشبووی سەوەفانن ئەگەر ماسولکەیان بەهێزبێت، زۆر کەمتر تووشی ئازار و کێشەکانی تری پەیوەست بە سەوەفان دەبن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە