نەتەوەیەکگرتووەکان: کاتی مانەوەمان لەعێراق درێژ ناکرێتەوە و بڕیاری کۆتاییە
11 کاتژمێر پێش ئێستا
319 جار خوێنراوەتەوە
لەسەر داواکاریی عێراق، کۆتایی ئەم ساڵ کارەکانی یونامی لەو وڵاتە کۆتاییان دێت. گوتەبێژی یونامی دەڵێت، "دەستمان بە ئامادەکاری بۆ کۆتاییهێنان بە کارەکانمان کردووە و وادەکە درێژ ناکرێتەوە."
سەمیر غەتاس، وتەبێژى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامى) رایگەیاند، "کۆتایی ئەم ساڵ، واتە لە 31ی کانوونی یەکەمدا کارەکانمان لە عێراق کۆتاییان دێت؛ هیچ گفتوگۆیەکیش بۆ نوێکردنەوەی وادەکە نییە و بڕیاری کۆتایی دراوە."
وتەبێژى یونامى ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەیەک لە کارمەندەکانمان کە کاریان تەواوکردنی چەند کاروبارێکی دارایی و کارگێڕییە، دوای تەواوبوونی وادەکە دەمێننەوە تاوەکو کارەکانیان تەواو دەکەن."
بە وتەی غەتاس، "دەزگاکانی تایبەت بە گەشەپێدانی مرۆیی، کە ژمارەیان 23 دەزگایە، دەمێننەوە و کارەکانیان بەردەوام دەبێت."
27ی مانگی رابردوو، حکومەتی عێراق رایگەیاند، "لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە کارەکانی، باڵەخانەی یونامیمان لە شاری موسڵ وەرگرتەوە."
هەمان رۆژ، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "پرۆسەی وەرگرتنەوەی باڵەخانەکانی دیکەش کە لەلایەن نێردەکەوە بەکارهێندراون، بەردەوام دەبێت."
8ى نیسانی 2024 حکومەتى عێراق لە نامەیەکدا بۆ سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کرد تاوەکو کۆتایی 2025 کۆتایی بە ئەرکى یونامى لە عێراق بهێندرێت.
یونامى لە ساڵى 2003 لەسەر داواى حکومەتى فیدراڵى و بەگوێرەى بڕیارى ژمارە 1500ى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى پێکهێندرا؛ لە ساڵى 2007 بە بڕیارى ژمارە 1770 سنوورى کارەکانى لە چوارچێوەى هاوکاریکردنى عێراق فراوانتر کرا.
|