سیمینارێک بە ناونیشانی “زمان و ناسنامە” بەڕێوەچوو
2025-02-24
139 جار خوێنراوەتەوە
نووسەران و پسپۆڕانی بواری زمان باس لەوە دەكەن، زمانی كوردی لە بەردەم هەڕەشەیەكی گەورەدایە، تەنها دڵسۆزانی زمانەكەش ئەو خەمەیان هەڵگرتووە، دەشڵێن: حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار هیچ نەخشە ڕێگا و چارەسەرێكی نییە بۆ پاراستنی زمانەكەمان لە فەوتان و مەترسی گەورەی لەسەر درووستبووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەریی هەڵەبجە، سیمینارێكی لە ژێر ناوی “زمان و ناسنامە” بەڕێوەبرد.
لە بەشێكی دیدارەكاندا بەشداربووان بە گرنگییەوە لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیان ڕوانی و باسیان لەوەکرد، زمان و خاك و نیشتیمانمانە، هەرچەندە لەلایەن داگیركەرانەوە چەندین ساڵ داگیركراوین، بەڵام بەردەوام زمانەكەمان پاراستووە لە فەوتان و لە لەناوچوون.
مەسعود بابایی نووسەر و بەشدار لە پانێڵەكە وتی: زمانی ئێمە هەمیشە لە حوجرەكان پارێزراوە، هیوایەكمان هەبوو زانكۆكان بتوانن ئەو كارە بكەن، بەڵام سەلمێنراوە ئەکادیمیاکان زۆر لاوازن لە پاراستنی زمانی كوردی، دەسەڵاتیش لەو بارەیەوە هیچ نەخشە و بەرنامە و پرۆگرامێكی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی سیاسەتی كەلتووری وایكردووە، هەموو زمانێك لەناو زمانەكەی ئێمەدا تەراتێن دەكات دێت و دەڕوات، بە بەرچاوی خۆمانەوە منداڵەكانمان دەگۆڕێن، نامان ناسنەوە و زمانەكانی خۆیان وندەكەن، كەلتوورەكە خەریكە وندەبێت ناشزانین دەردەكە بەكێ بڵێین.
|