چۆن سکاڵایەکی لەتیف رەشید لە بەرژەوەندی هەژماری من شکایەوە؟
2025-02-19
202 جار خوێنراوەتەوە
دوای زیاتر لە سێ ساڵ بێدەنگی لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە سەروبەندی چارەسەربوونی کێشە داراییەکانی هەرێم سکاڵایەکی دژی سەرۆک وەزیر و وەزیری دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ تۆمارکرد کە تێیدا داوای خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دەکرد کەچی سکاڵاکە لە بەرژەوەندی پرۆژەی هەژماری من کۆتایی هات.
ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی سکاڵاکەی لەتیف رەشیدەوە بڕیاری خۆی دەرکرد و لەگەڵ ئەوەی بەشێکی سکاڵاکەی رەتکردەوە بەڵام لەبەرژەوەندی پڕۆژەی هەژماری من تێگەیشتنی خۆی نیشاندا.
بە گوێرەی ئەنجامی سکاڵاکە بڕیاردان بە جێبەجێکردنی پرۆسەی بانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ڕێوشوێنە کارپێکراوەکان لەبانكی ناوەندی عێراق هەروەها بە پێی ڕێنمایی و دەسەڵاتی حكومەتی عێراق ، بەجۆرێک ئەوکارە لەرێگەی هەماهەنگی کردنەوە بێت لەنێوان وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی و وەزارەتی دارایی وئابوری هەرێم.
بە گوێرەی ئەم شیکردنەوەی دادگای فیدڕاڵی بێت، بۆ پرسی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم بکرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێمیش لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێم بەڕێوەدەبات ئەوەش بەو واتایە دێت کە پڕۆژەی هەژماری من لە هەرێمی کوردستان جێگەی تەوتینی عێراق دەگرێتەوە.
دادگای فیدڕاڵی عێراق باسی لەوەکردووە کە مەرجە هەڵبژاردنی بانکەکان بدرێتە دەست خودی فەرمانبەرەکە.
ئەم هەنگاوەی سەرۆک کۆماری عێراق لەم کاتەدا بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم جۆرێک ناڕووی گومانی پێوەدیارە بەو پێیەی پێشتر بەرپرسانی یەکێتی بە هەموو جۆرێک دژی پرۆژەی هەژماری من وەستابوونەوە و لە سنووری یەکێتی پڕۆژەکەیان راگرتبوو.
بەڵام سەرۆک کۆماری عێراق بەم سکاڵایەی بە گوێی هەموانی دا کە پرۆژەی هەژماری من پێویستە جێبەجێ بکرێت و تەوتینی بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق یان راستەوخۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە جێبەجێ ناکرێت.
بەبڕوای شارەزایان ئەم هەنگاوەی سەرۆک کۆماری عێراق کە لە پشکی یەکێتیە، پێدەچێت بەشێک بێت لەو رێککەوتنەی پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ئەنجامیانداوە و بیکەنە دەرەچەیەک بۆ قبوڵکردنەوەی هەژماری من لە سنووری زۆنی سەوز.
٧ڕۆژ - ڕێبوار حەمەلاو
|