جۆینی تیلیگرام بن

موچەخۆرانی هەرێم.. قوربانیی بەردەوامی ناكۆكیە سیاسیەكان

موچەخۆرانی هەرێم.. قوربانیی بەردەوامی ناكۆكیە سیاسیەكان

سیاسەتمەدارێک ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی بەپلەی یەکەم لەپشت زەلیل بوونی ھەرێم و برسی کردنی موچەخۆران و گەلەکەیەتی لەئێستادا، گەندەڵیە، ناڕوونی سەرچاوەکانی داھات و نەگەڕاندنەوەیان بۆ خەزێنەی حکومەت و نادادپەروەری لەدابەشکردن و ناکۆکی نێوان نوخبەی دەسەڵاتداری چەندین ساڵەی ھەرێمە، لەسەر ماف و نفوزی حیزبیی، لەسەر حسابی چارەنوسی گەل و ھاوڵاتیان و ژیان و کەرامەتیان.

ئەبووبەکر عەلی سیاسەتمەدار ڕایگەیاند، دەمێکە ماھیەتی دژە کوردانەی قەوارەی عیراق دەناسن، کە چۆن ھەرلەیەکەم ڕۆژەوە، لەسەر حسابی بێ بەشکردنی نەتەوەی کورد لەمافەکانی دامەزراوە.

وتیشی: بڕواشمان وابووە، زۆربەی ھێزە سیاسیەکانی ئێستای عیراق ، بەشیعەو سوننەوە، بڕوایان وایە، ئەوەی لەدوای ٢٠٠٥ ەوە بۆ کورد لەدەستوردا چەسپاوە، بەرەنجامی خیانەت و غەفڵەت و ناتەوانی و لەدەست دەرچوونە.

راشیگەیاندووە: ئەمەش دەرفەتی جوڵەو مانۆڕی بەتەواوی لەبەردەممان کەم کردۆتەوە و توانای بڕیاردانی جدی و کەرامەتپارێزی لێ زەوت کردوین “فهل انتم منتهون؟.

دەسەڵاتی کوردی ئەو فرت و فێڵەی لەمیللەتی دەکات ناتوانێ لەگەڵ حکومەتی عیراق بیکات

مەسعود عەبدولخاڵق، خاوەنی دەزگای ستاندارد و چاودێری سیاسی لەبارەی بڕینی پشکی هەرێم لەلایەن بەغداد ڕایگەیاند، دەسەڵاتی کوردی ئەو فرت و فێڵەی لەمیللەتی دەکات ناتوانێ لەگەڵ حکومەتی عیراق بیکات، چونکە زەرەر دەکات.

وتیشی:” پێشتر مەرجی بەغداد ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بوو، ئێستا بۆتە هەموو نەوتەکە و داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەکان، واتە ڕۆژ بەڕۆژ مەرجەکان لەسەری قورستر دەبێت”.

مەسعود عەبدولخاڵق دەشڵێت، هیچ مەجال و دەرفەتێک یان ئەڵتەرناتیڤێک نیە لەبەردەم حکومەتی هەرێم و چارەیان نیە تەنها دەبێ نەوت و داهات ڕادەست بکەن تاوەکو ئەوانیش مووچە و بوودجە و خزمەتگوزاری بنێرن بۆ خەڵکی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد: خەڵکی هەرێمی کوردستان خەریکە دەکەوێتە ژێر ئابلۆقەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی نەک ئابلۆقەێ بەغداد و تاران و ئەنقەرە، چونکە هەرێم جوڵەیەکی زۆر ناشرین دەکات هەموو کات وەفد دەنێرێتە بەغداد و خۆیان وتویانە به ١٠ پەنجە بۆتان مۆر دەکەین، کەچی دوو دۆلار نرخی نەوت بەرزدەبێت پەشیمان دەبنەوە.

ڕوونیشی کردەوە، نەوت بۆتە کێشەیەکی زۆر گەورە کە هەناردەیان کردو سەرکەوتووش نەبوون، ئەوەش پەیامێکی ڕوونە کەوا سیاسەتی ناردنە دەرەوەی نەوت و ئابووری سەربەخۆ فەشەلی هێناوە.

بڕینی دەرماڵەی پلەباڵاكان

هەر لەو بارەیەوە مامۆستایەكی زانكۆ ڕایدەگەیەنێت، پێویستە حكومەتی هەرێم لێبڕینی دەرماڵەی پلەباڵاكان جێبەجێ بكات، مووچەی پەڕلەمانتاران كەم بكاتەوە، چونكە دوای ٣٠ ساڵی تر چۆن مووچەی ئەو هەموو خانەنشینە پلە باڵایە دابین دەكات، لەبارەی بڕینی پشكی هەرێمیش وتی، لە ٢٠١٤ەوە هەموو ئەو بەڵێنانەی دراون بەوەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بكرێت، كەچی تەسلیم نەكراو ئەمەش بووە هۆكاری نەمانی متمانە لەنێوان هەولێر و بەغداد.

نەوزاد مەجید، مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری لەبارەی بڕینی ٣٢٠ ملیار دینارەكەی هەرێم  ڕایگەیاند:” فراكسیۆنەكان لەعیراق دەیانەوێت كازمی توشی جۆرێك لە شەرمەزاری بكەن و عیراقیش تووشی نەهامەتی تر بكەن، چونكە خواستی ئەوان نەبووە كازمی بۆتە سەرۆك وەزیران و سەڕەڕای ئەوەش جۆرێك بەڵێنی بەهەرێم داوە كێشە داراییەكان چارەسەر بكات”.

دەشڵێت، دەتوانین هەندێ كات پەنجەی هۆكار بۆ هەرێمی كوردستانیش درێژبكەین، چونكە بەپێی ڕێككەوتنەكانی پێشووتر لە ٢٠١٤ ەوە، هەموو ئەو بەڵێنانەی دراون بەوەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بكرێت، كەچی تەسلیم نەكراو ئەمەش بووە هۆكاری نەمانی متمانە لەنێوان هەولێر و بەغداد، ئێستاش ئەوان ئامادەنین ئەو ٣٢٠ میلیار دینارە بۆ هەرێم بنێرن.

سەبارەت بە یەدەگی بانكی عیراقیش ئەو مامۆستای زانكۆیە ڕوونی دەكاتەوە، عیراق تائێستاش ئامادە نیە بڕی یەدەگی بانكی خۆی ئاشكرا بكات، لەبەر ئەوەی ئاشكراكردنی ڕێژەی یەدەگ كە پێشبینی دەكەم زۆر كەمە دەبێتەهۆی بارووگوزەرانی هاوڵاتیان خراپتر ببێت و عیراق بەرەو داڕمانی زیاتری ئابووری بچێت، هەر شاردنەوەی ئەو زانیاریانەشە بووەهۆی هەندێ كات حكومەتی عیراق بەپێوە بوەستێت، لە ٢٠١٤ەوەش تەنها قەرزكراوە بۆ ئەوەی كورتهێنانی بوودجەی بەكاربردن پڕبكاتەوە لەجێگای ئەوەی پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان دروست بكات و دواتر داهاتی هەبێت، بۆیە ئەو قەرزانە تەنها بۆ بارگرانی بوودجەیە و كۆدەبێتەوە و دواتر باجەكەش گەلی عیراق دەیدات، دیناری عیڕاقیش بەهاكەی لەدەست دەدات بەهۆی كەم بوونەوەی یەدەگی زێڕ و پارەكەی.

وتیشی، پێویستە حكومەتی هەرێم لێبڕینی دەرماڵەی پلەباڵاكان جێبەجێ بكات، مووچەی پەڕلەمانتاران كەم بكاتەوە، چونكە دوای ٣٠ ساڵی تر چۆن مووچەی ئەو هەموو خانەنشینە پلە باڵایە دابین دەكات، لەهەمان كاتدا نزیكەی ٥٠٠ هەزار مووچەخۆر هەیە لەنێوان عیراق و هەولێر ناكۆكی لەسەرە و ئەگەر ڕێككەوتنیش بكرێت عیراق ئامادە نیە مووچەی ئەو هەموو فەرمانبەرە بدات و حكومەتیش ناتوانێ بەم شێوەیە مووچە دابین بكات، دڵنیام ئەو ٥٠٠ هەزار فەرمانبەرەش خەڵكی سوری و بیانی و ناوی وەهمین تاوەكو ئەو پارەیە بچێتەوە گیرفانی چەند كەسێك، حكومەتی هەرێمیش بەردەوام پاشەكشەی كردووە لەداواكارییەكان و عیراقیش بەردەوام لەپاشەكشەی ئەوەدایە داواكارییەكان جێبەجێ بكات، چونكە توانای نییە داواكانی هەرێم جێبەجێ بكات بەتایبەت لەدانەوەی قەرزی كۆمپانیاكان.

كشانەوە لە بەغدا

محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە : هەموو داهات و خاك و میلەتیش تەسلیم به عێراق بكرێت، عێراق ئاماده نابێت بودجه و موچه و مافی ڕەوای گەلی كوردستان بدات، بەڵام ئەمڕۆ زیاتر ماھیەتی عێراقیەكان دەركەوت و سونه و شیعه لەگەڵ ئەو هەموو دوژمنایەتیەی هەیانه، بەڵام ئەمڕۆ شیعه و سونه هەردووكیان هەر عەرەب بوون و پێكەوه بە یەك دەنگ داوای بڕینی بودجه و مووچەی هەرێمی كوردستانیان كرد.

راشیگەیاندووە: سونه و شیعه یەكبوون له دژی كورد، بۆیە من داوا له پەڕلەمانی كوردستان دەكەم كۆبوونەوەیەك بكەن، بە هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و حزبه سیاسیەكانی كوردستان، ئەو خاڵانە بكەنه بڕیار چیتر داوای پاره و بوجه و موچه له عیراق نەكرێت، كورد له بەغداد بكشێتەوە.

رونیشیكردەوە، ئەو داهاتەی هەیه له كوردستان دا ڕێكی بخەن و بە شێوەیەكی گونجاو هەموو (۳٠)ڕۆژ جارێك موچەی موچه خۆرانی هەرێم بدرێت، چاوەڕێی بەغدا نەبن و چیتر كورد لە بەردەم بەغدا و عەرەب زەلیل مەكەن.

كێشەكە نەوتە

ڕێبوار كەریم مەحمود، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عیراق ڕایگەیاند، دەبێت هەمو خەڵكی كوردستان بزانێت، ئەم هەمو ناڕەحەتی و ئاستەنگانە هیچ پەیوەندی بە كوردایەتییەوە نییە، بەڵكو بەهۆی داهاتی نەوت و گومرك و ناوخۆ و هەمو داهاتەكانی تری هەرێمەوەیە، لەلایەن دەسەڵاتێكی شكستخواردوی هەرێمی كوردستانەوە.

لەبری گفتوگۆی بەڵگەدار خەریكی پینەكردن بوون

ئاسۆ عەبدول لەتیف چاودێری سیاسی نوسی: ئەو كۆدەنگییەی شیعە و سونە لە پەرلەمانی عێراق و بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بەرچاوتانەوە، سەرەتای قۆناغێكی نوێ نییە و پاشهاتی تازەش نییە، بەڵكو روانگەی شاراوەی دەسەڵاتدارانی بەغدایە بەرامبەر هەرێمی كوردستان و شكستی دانوستانكارانی سیاسی كورد و حزبی كوردی لەگەڵ عێراق كە چەندین ساڵە نەیانتوانیوە بە بەڵگە دانوستان بكەن و هەمیشە كاریان پینەكردن و دواخستن بووە.

وتیشی: كازمی نەك هیچی پێناكرێت و دەستەوەستانە، بەڵكو لە ژێرەوە بە پشتگیری ناڕاستەوخۆی سەرۆكایەتی كۆمار چەند هەفتەیەك خەریكی رازیكردنی ئەو پەرلەمانتارە فاشیستانە بوو بۆ وەرگرتنی قەرزێكی گەورەی دەرەكی ئەویش نەك بۆ موچە، بەڵكو بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن.

٧ رۆژ – خەڵک

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *