جۆینی تیلیگرام بن

پێش سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی ئێرانییەکان کێیان بانگهێشتی تاران کردووە؟

پێش سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی ئێرانییەکان کێیان بانگهێشتی تاران کردووە؟

٧ڕۆژ – تایبەت

بۆچی مەسرور بارزانی لەم کاتەدا سکاڵای دژی کۆمسیۆن تۆمار کرد؟

پێش سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران، نوێنەری حیزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بانگهێشتی تاران کراون، ئەو کاتەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ئێرانییەکان هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن دەدات، لە هەولێرەوە هەنگاوێکی جیاواز دژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن گیرایە بەر.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ٧رۆژ کەوتوون، پێش چەند رۆژێک لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران نوێنەری هەریەکە لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتیمانی بانگهێشتی ئەو وڵاتە کراون.

ئەندامێکی یەکێک لەو حیزبانەی بانگهێشت کراوە زانیارییەکانی بۆ ٧رۆژ پشتڕاست کردەوە و بە مەرجی ناو نەهێنانی وتی، بەڵێ نوێنەری ئەو لایەنە سیاسییانە پێش سەردانەکە چوونەتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوونەتەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیان ئەو سەرچاوەیە وتی باس لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە و خواستەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکە خراونەتە ڕوو.

ئەمە لە کاتێکدایە ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یاوەری نوێنەرانی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان لە تارانە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە.

ئەم ترافیکە سیاسییەی حیزبە کوردییەکان بۆ تاران ئامانجەکەی تەنیا دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، هەرچەندە فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە لە سەردانی نێچیرڤان بارزانی باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرابێت.

هاوکات هەر ئەمڕۆ، هەواڵی تۆمارکردنی سکاڵایەک لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی دژی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بڵاوبوویەوە کە تێیدا داوای کردووە ئامادەکارییەکان هەڵبژاردن تا یەکلابوونەوەی سکاڵاکە رابگرێت.

ئەم سکاڵایە یەکەم هەنگاوی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەی کە بۆی دیاریکراوە.

تۆمارکردنی سکاڵاکە لەم کاتەدا زیاد لە خوێندنەوەیەکی بۆ دەکرێت، لەلایەک بۆنی رێککەوتنێکی ژێر بە ژێر بۆ راستکردنەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لێ دەکرێت و لەلایەکی دیکەش هەوڵێکە بۆ ئەوەی دواخستنی هەڵبژاردن نەبێتە دەستکەوتی سیاسی بۆ نێچیرڤان بارزانی.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *