جۆینی تیلیگرام بن

پارتی و یەکێتی کامیان یارییەکە دەباتەوە؟

پارتی و یەکێتی کامیان یارییەکە دەباتەوە؟

٧ڕۆژ – تایبەت

ئەم هەفتەیە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلا دەبێتەوە

ماوەی چەند رۆژێکە نێچیرڤان بارزانی لە بەغدایە و ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی رازی کردنی لایەنە عێراقییەکانە بە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکان رێککەوتنی سەرەتایی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکە کراوە و نێچیرڤان بارزانی بە بەکارهێنانی پۆستی سەرۆکی هەرێم بە مەرسومێک بۆ ماوەی چەند مانگێک هەڵبژاردنەکە دوادەخات.

نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت لایەنە شیعەکان گرەنتی ئەوەی بکەن کە دواخستنی هەڵبژاردنەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارتی و خودی خۆی دروست ناکات.

چونکە هەر لە ئێستاوە لە ناو هەرێمی کوردستانەوە چەند لایەنێک خۆیان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای فیدڕاڵی دژی مەرسومی دواخستنی هەڵبژاردنەکە ئامادە کردووە.

ئەو پلانەی بۆ هەڵبژاردن دانراوە پارتی دیموکرات لەو پێگەیەی ئێستا لە هەرێم هەیەتی دەهێنێتە خوارەوە و بە ئەستەم دەتوانێت کابینەی داهاتووی حکوومەت پێکبهێنێت ئەوەش بەهۆی لابردنی ١١ کورسی کۆتاکان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکە لە لایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە.

هەر بۆیە بە هەموو توانایەوە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لەم کاتەدا.

دواخستنی هەڵبژاردن مەترسی ئەوەی هەیە جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان نەتوانێت ببێتەوە بە خاوەنی پەرلەمان و حکوومەتی شەرعی چونکە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە مانگی حەوت ئەمساڵ وادەی یاساییەکەی تەواو دەبێت.

عێراق خۆی بە کێشەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانەوە سەرقاڵە و لایەنەکان بە ئەستەم دەتوانن بگەنە رێککەوتن بۆیە نایانپەرژێتە سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

جیا لەوە دوور نیە دادگای فیدڕاڵی لەسەر جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکان حکوومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێم هاوشێوەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵنەوەشێنێتەوە.

ئێستا بۆ پارتی و یەکێتی ئەنجامدان و دواخستنی هەڵبژاردن بووەتە شکاندن و سەرکەوتنی ئیرادە، پارتی بە دواخستنی هەڵبژاردنەکە یارییەکی مەترسیدار بە چارەنووسی قەوارەی دەستووریی هەرێمەوە دەکات، یەکێتیش بۆ چەند کورسییەک پەرلەمانی کوردستان ئەنجوومەنی پارێزگاکانی بە هەڵوەشاندنەوە دا.

هەرچی لایەنەکانی دەرەوەی ئەو دوو حیزبەیە وەک زیاتر دوکانی سیاسی دەردەکەون و تەنیا لە سۆشیال میدیا بە ورەرەیەک نیگەرانی خۆیان نیشان دەدەن.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *