جۆینی تیلیگرام بن

سامانە سرووشتییەکان: بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتە 1600 مێگاوات

سامانە سرووشتییەکان: بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتە 1600 مێگاوات

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، بە هەوڵی لایەنی پەیوەندیدار رێگە نەدراوە کوژاندنەوەی گشتیی کارەبا لە هەرێمی کوردستان رووبدات. ئاماژە بەوەش دەکات، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبایان گەیاندووە بە 1600 مێگاوات.

لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە کەمال محەممەد، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی کوردستان بە وەكالەت سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو چوار كرێكارە کردووە کە گیانیان لەدەستداوە و سوپاسی تیمەکانی هەردوو وەزارەتەکەی کردووە.

لەو راگەیێندراوەدا هاتووە، “تیمەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی دیكە، پاش هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر توانیویانە قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەنەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەننە 1600 مێگاوات.”

بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 3500 مێگاواتە لە کاتی ئاساییدا، لەکاتێکدا لە وەرزە گەرم و ساردەکاندا خواست لەسەر کارەبا دەگاتە 7 هەزار مێگاوات.

وەزیری کارەبا رایگەیاندووە، وەزارەتەکەی لە چاوەڕوانی چارەسەركردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گازدایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر، سلێمانی و بازیان و ئاساییبوونەوەی دۆخەكە.

ئەوە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ دوو شاندی جیا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق سەردانی کێڵگەی کۆرمۆر بکەن.

لە هێرشەکەی دوێنێدا کە بە درۆن کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرایە ئامانج، چوار کارمەندی خەڵکی یەمەن گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *