جۆینی تیلیگرام بن

لیۆنێل مێسی مێژووی تۆمارکرد و بۆ جاری هەشتەم باڵۆن دۆری بردەوە

لیۆنێل مێسی مێژووی تۆمارکرد و بۆ جاری هەشتەم باڵۆن دۆری بردەوە

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی بەنێوبانگی ئەرجەنتین و یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی، جارێکی دیکە خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێنا و بووە خاوەنی هەشت باڵۆن دۆر.

مێسی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، لە هۆڵی شاتێلێت، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزانی وەرزی رابردوو لەسەر ئاستی جیهان پێدرا، دوای ئەوەی سەرکردایەتیی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال.

لیۆ لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ تانگۆ، لە قەتەر بەباشترین ئاستەوە دەرکەوت، بووە دووەم گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە و رۆڵێکی گەورەی بینی لە بەدەستهێنانی مۆندیال بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دوای دوورکەوتنەوە بۆ ماوەی 36 ساڵ لە بردنەوەی نازناوی جامی جیهان، جگە لەوەش مێسی بووە باشترین یاریزانی مۆندیالی 2022.

مێسی بەهۆی مۆندیالەوە، خەڵاتی لوریۆسی بۆ باشترین وەرزشڤانی ساڵ پێدرا، کە جگە لەو ئەستێرە ئەرجەنتینییە هیچ یاریزانێکی دیکەی تۆپی پێ ئەو خەڵاتەی نییە.

هەروەها لیۆ بەو هۆیەوە خەڵاتی زە بێستی بۆ باشترین یاریزانی جیهان لەلایەن فیفاوە پێدرا.

جگە لە بەدەستهێنانی مۆندیال، مێسی لەسەر ئاستی یانەکانیش لەگەڵ پاریس سانجێرمان وەرزی رابردوو ئاستێکی باشی پێشکێشکرد، هەردوو نازناوی خولی فەرەنسا و جامی سوپەری فەرەنسای لەگەڵ یانەکە بردەوە، بە گشتی ئەستێرە ئەرجەنتییەکە لەو وەرزەدا 40 گۆڵی تۆمارکرد و 28 گۆڵی دروستکرد.

مێسی ئەمە جاری هەشتەمە خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ باشترین یاریزانی جیهان دەباتەوە، پێشتر هەرگیز یاریزانێک تەنانەت شەش جاریش خەڵاتەکەی بەدەستنەهێناوە و لیۆ دەبێتە یەکەم یاریزان ئەو ژمارە زۆرەی خەڵاتەکەی بەدەستهێنابێت.

لیۆنێل ئاندرێس مێسی، ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتین دەبێتە یەکەم یاریزان لە سێ دەیەی جیاوازدا خەڵاتی باڵۆن دۆری بردەوە، هەروەها دەبێتە یەکەم یاریزانیش لە سێ یانەی جیاواز، لەگەڵ بارسێلۆنا، پاریس سانجێرمان و ئینتەرمەیامی خەڵاتەکەی بردبێتەوە.

جگە لەوەش مێسی دەبێتە یەکەم یاریزان لە دەرەوەی کیشوەری ئەوروپا، خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنابێت.

خەڵاتی باڵۆن دۆر، لەلایەن گۆڤاری فرانس فۆتبووڵی فەرەنسییەوە ساڵانە دەدرێتە باشترین یاریزانی جیهان، بۆ ئەمساڵ لیۆنێل مێسی رکابەریی لەگەڵ ئێرلینگ هالاند دەکرد، کە ئەمیان وەرزێکی نموونەیی لەگەڵ مانچێستەر سیتی پێشکێشکرد، نازناوی چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ و جامی ئێف ئەی کەپی بردەوە، بووە گۆڵکاری چامپیۆنزلیگ و پرێمەرلیگیش، بەڵام مێسی باڵۆن دۆری پێدرا.

دیارییکردنی براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر لە رێگەی دەنگدانە، کە 100رۆژنامەڤان لە 100 فیدراسیۆنی تۆپی پێی پێشەنگ لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان دەنگ بۆ دیارییکردنی براوەی خەڵاتەکە دەدەن.

براوەی خەڵاتەکانی دیکە بەمشێوەیە بوون:

جود بێلینگهام، یاریزانی ئینگلیزی و ریال مەدرید خەڵاتی کۆپای بۆ باشترین یاریزانی لاو بەدەستهێنا.

ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی ریال مەدرید خەڵاتی سوکراتیسی بۆ کاری مرۆیی بەدەستهێنا.

تیپی خانمانی یانەی بارسێلۆنا، خەڵاتی باشترین تیپی خانمانی بردەوە.

ئیمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی ئەرجەنتین خەڵاتی لیڤ یاشینی بۆ باشترین گۆڵپارێز پێدرا.

خەڵاتی گێرد مولەر بۆ باشترین گۆڵکاری ساڵ درایە ئێرلینگ هالاند، دوای ئەوەی 56 گۆڵی تۆمارکرد.

یانەی مانچێستەر سیتی بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک وەک باشترین یانەی ساڵ خەڵاتکرا.

ئایتانا بۆنماتی، خانمە یاریزانی بارسێلۆنا خەڵاتی باڵۆن دۆری لەسەر ئاستی خانمان بەدەستهێنا.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *