جۆینی تیلیگرام بن

نەیمار داهاتووی خۆی لەگەڵ پاریس سانجێرمان یەکلاکردەوە

نەیمار داهاتووی خۆی لەگەڵ پاریس سانجێرمان یەکلاکردەوە

نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی تۆپی پێی بەرازیل و یانەی پاریس سانجێرمان باس لە داهاتووی خۆی لەگەڵ پاریس سانجێرمان دەکات و دەڵێت “تۆپی پێ دڵخۆشە کە ئەرجەنتین مۆندیالی بردووەتەوە.”

نەیمار لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەبارەی داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان دەڵێت “هیوادارم لە پاریس سانجێرمان بمێنمەوە، گرێبەستەکەم لەگەڵ یانەکە بەردەوامە، تاوەکو ئێستا کەس هیچی پێنەگوتووم، بۆیەش من لێرەم.”

ئەستێرە بەرازیلییەکە زیاتر گوتی “تەنانەت ئەگەر خۆشەویستییەکی زۆری هاندەرانیشم لەگەڵ نەبێت لە پاریس سانجێرمان دەمێنمەوە، ئەو خۆشەویستییە هەبێت یان نا.”

یاریزانەکە بەرازیلییەکە باس لە هەڵبژاردەی بەرازیل دەکات و دەڵێت “دوای ماڵئاواییکردنمان لە مۆندیالی 2022 دەمویست واز لە یارییکردنی نێودەوڵەوتی بهێنم، نەک بەهۆی دۆڕاندنەوە، بەڵکو لە پێناو ماڵباتەکەمدا کە ئەوەندە بەرگەیان گرتووە، بەڵام دەبێت جارێکی دیکەش بەرگە بگرن و بەردەوام دەبم لە پارێزگاریکردن لە درێسی هەڵبژاردەکەمان.”

نەیمار باسی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی کرد و گوتی “بەر لە یاریی کۆتایی مۆندیال بە مێسیم گوت لە پێناو تۆدا نەگەیشتمە یاریی کۆتایی، پشتگیریت لێدەکەم و ئەویش پێویستی بەوە بوو بەم شێوە زێڕینە کۆتایی بە کاروانەکەی بهێنێت.”

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە پەیوەندی خۆی و مێسی چۆنە؟ نەیمار دەڵێت “مێسی یەکێکە لە باشترین هاوڕێکانم، پێش ئەوەی ئەو بناسم هەمیشە نموونەی باڵای من بوو، ئێستا هاوڕێی منە و نموونەی باڵای منە، زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەوە.”

پرسیارێک لە نەیمار کرا کە ئەگەر منداڵێکیان ببێت ناوی دەنێن چی؟ یاریزانە بەرازیلییەکە لە وەڵامدا گوتی “مێسی یان لیۆنێل.”

لەبارەی بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2022 لەلایەن هەڵبژاردەی بەرازیل، هێرشبەرەکەی پاریس سانجێرمان دەڵێت “تۆپی پێ دادپەروەرە و دڵخۆشە بەوەی ئەرجەنتین نازناوی مۆندیالی بردووەتەوە.”

ئەم قسانەی نەیمار لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی باسیان لە خراپی پەیوەندیی یاریزانەکە لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ دەکرد و ئاماژە بۆ ئەوە دەکرا کە نەیمار لە پاریس سانجێرمان دەڕوات، یانەی هیلالی سعودیش هەوڵی گواستنەوەی دەدا، بەڵام یاریزانەکە دەیەوێت لە یانەکەی بمێنێتەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *