ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا داوای رۆیشتن دەکات
3 کاتژمێر پێش ئێستا
33 جار خوێنراوەتەوە
ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو داوای رۆیشتن لە بارسێلۆنا دەکات و یانەی پاریس سانجێرمانیش لەسەر داوای لویس ئێنریکیی راهێنەری ئامادەیە گرێبەستی لەگەڵ بکات.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی، داهاتووی گاڤی لە یانەی بارسیلۆنا ناڕوونە و یاریزانەکە ئاسوودە نییە لەو دۆخەی پێیدا تێپەڕدەبێت.
سەرەتا وابیردەکرایەوە کە یاریزانەکە لەقۆناخی خۆسەلماندنەوە دابێت دوای چاکبوونەوەی لە پێکانێکی قورسی ئەژنۆی، بەڵام دۆخەکە ئێستا گۆڕاوە و ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە گاڤی رۆڵێکی لاوەکی لەنێو تیپەکەی هانزی فلیکدا دەبێت.
یاریزانە لاوەکەی ئەندەلووسی کە لە بارسیلۆنا بەهێمای بوێری و خۆبەدەستەوەنەدان دادەنرێت، نەیتوانی ئەو کاریگەرییە بەدەستبێنێتەوە کە پێش پێکانەکەی هەیبوو.
سەرەڕای دڵنیایی یانەکە لەوەی کە راهێنەری ئەڵمانی متمانەی بەپێشکەوتنەکانی گاڤی هەیە، بەڵام راستییەکانی نێو یاریگا وێنەیەکی جیاواز دەخەنەڕوو. فرێنکی دی یۆنگ و پێدری دەستییان بەسەر هێڵی ناوەڕاستدا گرتووە، تەنانەت دانی ئۆلمۆ و فێرمین لۆپێزیش بەئاستێکی جیاواز دەرکەوتوون.
ئێستا گاڤی کاتێکی زیاتر لەسەر کورسیی یەدەگ بەسەردەبات نەک وەک یاریزانی سەرەکی، ئەمەش ئاواتەکانی سنووردار دەکات و تواناکانی کەم دەکاتەوە.
ئەو یاریزانە، کە لەتەمەنی 20 ساڵیدا و پێشتریش چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەنێویاندا خەڵاتی کوڕە زێڕینەکە و جامی شا، هەست بەوە دەکات کە پێویستی بەوەیە وەک یاریزانێکی سەرەکی یاری بکات و کاتێکی بەردەوامی یاریکردن بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بیگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە سەردەمێک وەک یەکێک لە دیارترین یاریزانە دیارەکانی هێڵی ناوەڕاست لەسەر ئاستی ئەورووپا سەیر دەکرا.
نزیکەکانی گاڤی باس لەوە دەکەن کە لە یارییەکانی ئەم دواییەدا پشتگوێخستنی ئەو یاریزانە بەدی دەکرێت، بەتایبەتی بەرامبەر ئینتەرمیلان، کە بایەخی پێنەدرا.
لەم دۆخەدا کەسایەتییەک دەرکەوتووە کە دەتوانێت رەوتی رووداوەکان بگۆڕێت، ئەویش لویس ئێنریکی، راهێنەری ئێستای پاریس سانجێرمانە، کە بۆ یەکەمجار لە تەمەنی هەرزەکاریدا متمانەی زۆری بە گاڤی بەخشی.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ئێنریکی دەستیکردەوە بە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە و پەیامێکی راستەوخۆی بۆ گاڤی ناردووە و لەوە دڵنیای کردووەتەوە کە لە پاریس سانجێرمان یاریزانێکی سەرەکی دەبێت و بەشێکی سەرەکی پڕۆژەکەی دەبێت، تەنانەت کەسایەتییەکی سەرەکی دەبێت لە ژووری جلگۆڕین، کە ئەو راهێنەرە ئیسپانییەی یانە پاریسییەکە سەرەڕای گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام لە ئێستاوە بیر لە ئاستەنگەکانی وەرزی داهاتوو دەکاتەوە.
ئێنریکی پێیوایە گاڤی خاوەنی هەموو ئەو سیفەتانەیە کە بۆ سەرکردایەتیکردنی هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەی پێویستن؛ لێهاتوویی تەکنیکی بەرز، رۆحی هێرشبەری ئەرێنی، توانای خوێندنەوەی یارییەکە و لە هەمووی گرنگتر پاراستنی ئاستبەرزیی خۆی، کە لە پاریس سانجێرمان، گاڤی دەرفەتی گەشەسەندنی دەبێت دوور لە گوشارەکانی رکابەرییە تووندەکەی یاریزانانی بارسێلۆنا لەسەر پێگەی سەرەکی لە پێکهاتەکەدا.
|