لامین شەڕی کردووە و گۆڕانکاری بە یاریزانێک کردووە

16   کاتژمێر پێش ئێستا  121 جار خوێنراوەتەوە

رۆژنامەی ئێل ناسیۆنالی ئیسپانی، ئاشکرای دەکات کە لامین یامالی ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا دوای یارییەکەیان بەرامبەر ئینتەرمیلان زۆر تووڕە بووە و بەڕووی دوو هاوڕێیدا تەقیوەتەوە. دەشڵێت "لامین لە پشووی نێوان دوو گێمی یارییەکەدا بە هانزی فلیکی راهێنەری گوتووە دەبێت جیرارد مارتن دابنیشێنی".
 
لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، بارسێلۆنا لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداریی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی کرد و نەیتوانی لێیبباتەوە، کە یارییەکە بەئەنجامی 3-3 کۆتاییهات.
 
رۆژنامەی ئێل ناسیۆنال نووسیویەتی "دوای یەکسانبوونە نائومێدکەرەکەی بەرامبەر ئینتەرمیلان، لامین یامال لە تووڕەییدا تەقیوەتەوە و دوو هاوڕێی بە هۆکاری شکستەکەی بەرامبەر ئینتەرمیلان زانیوە!".
 
لەو یارییەدا کە پڕبوو لە جۆش و خرۆش، بارسێلۆنا سەرەڕای دەستپێکێکی بەهێز، بەهۆی هەڵەی تاکەکەسییەوە هەرزوو دوو گۆڵی بەرامبەر کرا و یارییەکەی لەسەر قورس بوو، کە دواجار بە یەکسانبوون کۆتاییهات و یەکلاییبوونەوە کەوتە هەفتەی داهاتوو لە یاریی گەڕانەوە، کە لەسەر یاریگای سان سیرۆ لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ناسیۆنالی ئیسپانی، لامین یامال کە بە ئاستە ناوازەکەی هەموو سەرنجەکانی بەلای خۆیدا راکێشابوو، دوای یارییەکە زۆر بەتووندی تووڕەیی خۆی دەربڕیوە و هەردوو هاوڕێکەی جیرارد مارتن و ڤۆیچیچ چیزنی بە هۆکاری یەکسانبوونەکە داناوە.
 
لامین پێیوابووە مارتنی بەرگریکاری چەپ یەکێک بووە لە خاڵە لاوازەکانی تیپەکە، چونکە بەهۆی کەم ئەزموونییەوە نەیتوانیوە شوێنی ئەلیخاندرۆ باڵدێ بگرێتەوە.
 
سەبارەت بە گۆڵپارێزی پۆڵەندی ڤۆیچیچ چیزنی، لامین پێیگوتووە "تۆ بەشێوەیەکی لەرزۆک دەرکەوتی و تۆش خاڵێکی لاوازی تیپەکەمان بووی".
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، یامال لە پشووی نێوان دوو گێمەکەدا داوای لە فلیک کردووە جیرارد مارتن دابنیشێنێت و تەنانەت لە یاریی گەڕانەوەشدا دووریبخاتەوە و ئاراوخۆ لە شوێنی ئەو یاری بکات ئەگەر باڵدێ بەتەواوی چاک نەبووەوە.
 
بارسێلۆنا ئەرکی زەحمەت بووە و پێویستی بەوەیە لە یاریی گەڕانەوەدا لەنێو یاریگای جۆزێپی میاتزا لە ئینتەرمیلان بباتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بلیتی یاریی کۆتایی بەدەستبێنێت، کە بێگومان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێویستە یاریزانانی بەوریاییەکی زیاتر و بەگرییەکی باشتر یاری بکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە