مانچێستەر سیتی دەیەوێت بارسێلۆنا بهەژێنێت

2025-04-01  519 جار خوێنراوەتەوە

یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەیەوێت گورزێکی گەورە لە بارسێلۆنا بدات و لە رێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەیەکی ئەو یانەیە، تیپەکە بهەژێنێت.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی مانچێستەر سیتی گرێبەستکردنی لەگەڵ پێدری ناوەڕاستکاری یانەی بارسێلۆنا کردووەتە ئامانجی سەرەکیی خۆی لە هاوینی داهاتوودا.
 
پێدری گۆنزالێس، لەگەڵ بارسێلۆنا گرێبەستی تاوەکو ساڵی 2030 هەیە. ئەو یاریزانە مانگی رابردوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەیدا نوێکردەوە، بەڵام سیتی بڕیاریداوە پێدری بکاتە شوێنگرەوەی کیڤن دیبرۆین کە پێشبینیکراوە هاوینی داهاتوو ریزەکانی سیتی بەجێبهێڵێت.
 
مانچێستەر سیتی لە وەرزی ئەمساڵدا، بەدۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، یانەکە هەرزوو رکابەریکردنی لەسەر نازناوی پرێمەرلیگی بۆ رکابەرەکانی بەجێهێشت و لە چامپیۆنزلیگیش لە پاڵاوتنەکانی قۆناخی شانزە، لەسەردەستی ریال مەدریدی ئیسپانی دەرکرا.
 
پێشبینیکراوە، هاوینی داهاتوو پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەکە، گۆڕانکاریی گەورە لە ریزەکانی سیتیدا بکات و میدیاکان دەڵێن ئەو راهێنەرە لیستی داوەتە کارگێڕیی یانەکە کە ناوی سەرجەم ئەو یاریزانانەی تێدایە کە دەیەوێت هاوینی داهاتوو دەستبەرداریان بێت، لە نێویاندا کیڤن دیبرۆین و جاک گریلیش بوونیان هەیە.
 
سەرچاوە میدیاییەکان ئاشکرایانکردووە، مانچێستەر سیتی، ئامادەیە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ بداتە بارسێلۆنا، لەپێناو دەستبەرداربوون لەو یاریزانە.
 
میدیاکان دەڵێن، کارگێڕیی مانچێستەر سیتی، پێیوایە کە پێدری توانای قەرەبووکردنەوە و شوێنگرتنەوەی دیبرۆینی هەیە.
 
پێشبینیکراوە هەوڵەکانی مانچێستەر سیتی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ پێدری، رووبەڕووی پێداگیریی بارسێلۆنا بۆ هێشتنەوەی پێدری لە ریزەکانی ببێتەوە، بەتایبەت کە گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکەی بۆ ماوەی پێنج ساڵە.
 
پێدری لە وەرزی ئەمساڵدا، بەشداریی لە 44 یاریی بارسێلۆنادا کردووە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان و پێنج گۆڵ و حەوت ئەسیستی هەیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە