هاندەرانی ریال مەدرید لە ڤینیسیۆس هەڵدەگەڕێنەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
20 جار خوێنراوەتەوە
ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، رووبەڕووی شۆکێکی دیکەی هاندەرانی یانەکەی بووەوە، پاشئەوەی لە راپرسییەکی رۆژنامەوانیدا، زۆرینەی دەنگدەران پشتیان لەوکرد.
رۆژنامەی 'مارکا' راپرسییەکی لە نێو هاندەرانی ریال مەدرید ئەنجامداوە و پرسیویەتی، "پێتوایە یان دیۆماندێ شایستەی ئەوەیە لە پێکهاتەی سەرەکی بێت؟ لە شوێنی کێ؟".
ئەنجامی دەنگدانی 50 هەزار کەسی بەشداربووی راپرسییەکە، ڤینیسیۆسی دووچاری شۆککرد، کاتێک 86 لەسەدی دەنگدەران پێیانوابوو دەبێ دیۆماندێ لەبری ڤینی، لە پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکە بێت.
لە هەمان راپرسیدا، تەنیا حەوت لەسەدی دەنگدەران، پێیانوایە دیۆماندێ شایستەی بوونە سەرەکییە لە جێگای یاریزانێکی دیکە، جا ئێمباپێ بێت، یان بێلینگهام، یان ئاردا گولەر. حەوت لە سەدی دەنگدەرانیش، بوونی ئەو یاریزانە بەسەرەکی لە پێکهاتەکەی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەر، رەتدەکەنەوە.
بەپێی ئەو ئەنجامە، 93 لەسەدی هاندەرانی یانەکە، یارییکردنی ڤینیسیۆس بەشێوەی سەرەکی لە پێکهاتەکەدا رەتدەکەنەوە، ئەوەش رەنگدانەوەی ناڕەزایەتیی هاندەرانی ئەو یانەیەیە لە یاریزانە بەرازیلییەکە، کە بەباشترین رۆژانی ئاستی خۆیدا تێناپەڕێت.
راپرسییەکە، لە دوای دەرکەوتنی دیۆماندێ بەئاستێکی باشەوە لە دێربیی مەدریددا هات. ئەو یاریزانە ئەگەرچی تەنیا 36 خولەک بەشداری لە یارییەکەدا کرد، بەڵام ئاستێکی باشی پێشاندا.
ریال مەدرید یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، دۆڕاند بۆ پلەی چوارەمی ریزبەندی لالیگا دابەزی و شەش خاڵ لە بارسای پێشەنگەوە دوورە.
ئەوەی بووەتە جێگای سەرنج لای هاندەرانی ریال مەدرید، وەکئەوەی میدیای ئیسپانیا دەڵێن، کاریگەرنەبوونی دیۆماندێ بووە بە ئەنجامی یارییەکە، کاتێک چووە نێو یاریگاوە و تیپەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لەپاشبوو، ئەمە جیا لە دەرکردنی دین هاوسن و یارییکردنی تیپەکە بە 10 یاریزانەوە.
دیۆماندێ گوێی بەدۆخی یارییەکە نەدا، هێز و باڵادەستیی خۆی بەسەر باڵی چەپی ئاتلێتیکۆدا پێشاندا و چالاکترین یاریزانی ریال مەدرید بوو، لەو ماوەیەدا کە یاریی تێدا کرد.
ئەنجامی راپرسییەکە، هاوکاتە لەگەڵ داواکاریی رۆژنامەڤانان و شرۆڤەکارانی نزیک لە ریال مەدرید، بەپێویستیی دانیشاندنی ڤینیسیۆس لەسەر کورسی یەدەگ، لەپێناو هەستکردن بەگوشار و گەڕانەوەی بۆ ئاستی خۆی.
هاندەرانی ریال مەدرید چاوەڕێی کاردانەوەی مۆرینیۆی راهێنەر دەکەن، پاشئەوەی رکابەرییەکانی یانەکە لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکان دەستپێدەکاتەوە، لەپێناو بینینی بڕیارەکانی ئەو راهێنەرە، لە پاش دوو شکست لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵی لالیگا.
|