گاڤی بایی زیاتر لە یەک ملیۆن یۆرۆ خانوو بۆ هەژاران دروست دەکات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  67 جار خوێنراوەتەوە

گاڤی، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بەڵێنی داوە بڕی نزیکەی 1.3 ملیۆن یۆرۆ لە دارایی تایبەتی خۆی ببەخشێت بۆ بەشداریکردن لە دروستکردنی خانوو بۆ ئەو کەسانەی بێماڵ و هەژارن لە زێدی خۆی لە باشووری ئیسپانیا، ئەمەش لە دەستپێشخەرییەکدا کە گوزارشت لە پەیوەندییە تووندەکەی دەکات بەو شارۆچکەیەی کە سەرەتای کاروانی وەرزشی لێوە دەستپێکرد.

بەگوێرەی ئەوەی ماڵپەڕی theolivepress ئاماژەی پێکردووە، ئەم بەخشینەی یاریزانە 22 ساڵانەکەی هێڵی ناوەڕاست بۆ دابینکردنی بودجەی پڕۆژەی نیشتەجێبوونە لە شارۆچکەی لۆس پالاسیۆس ئیت ڤیایفرانکا لە هەرێمی سێڤییا، کە تێیدا لەگەڵ فابیان رویز و خیسۆس ناڤاسی پاڵەوانی پێشووی جیهان گەورە بووە.

بڕیارە ئەم بەخشینەی گاڤی ببێتە هۆی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون کە 150 شوقە و 300 جێگەی خەوتن لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی دابینکردنی نیشتەجێبوون و پاڵپشتی بۆ ئەو چینانەی کە زۆرترین پێویستییان بە هاوکارییە لە شارۆچکەکەدا.

سەرەڕای ناوبانگەکەی لە دوای سەرکەوتنی بۆ تیپی یەکەمی بارسێلۆنا، گاڤی پەیوەندییەکی تووندی لەگەڵ زێدی خۆی و دانیشتووانەکەی پاراستووە، ئەمەش وایکرد خوان مانوێل فایێ، سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەکە ستایشی بکات و بڵێت "گاڤی خاوەن سادەیی و خاکەڕاییەکی زۆرە، ناوبانگ هیچ نەیگۆڕیوە".

گاڤی و فابیان رویز دوای ئەوەی سەرکردایەتی ئیسپانیایان کرد بۆ بەدەستهێنانی جامی جیهانی 2026، پاش بردنەوەیان لە ئەرجەنتین لە یاریی کۆتاییدا، کە لە ویلایەتی نیوجێرسی لە مانگی تەممووزدا بەڕێوەچوو، گەڕانەوە بۆ لۆس پالاسیۆس. هەزاران کەس لە شەقامەکانی شارۆچکەکە ریزیان بەست بۆ پێشوازیکردن لەم دوو ئەستێرەیە، پێش ئەوەی بە میدالیا ئاڵتوونییەکانی گەردنیانەوە بچنە بینای شارەوانی.

هەروەها دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بڕیاریاندا وەک رێزلێنانێک ناوی ئەم دوو یاریزانە بنێن لە دوو یاریگای ناوچەکە؛ یاریگای ماریزماس کرا بە ناوی 'فابیان رویز' و یاریگای سان سێباستیان کرا بە ناوی پابلۆ پایێز (گاڤی).

رێزلێنانەکە لێرەدا نەوەستا؛ یاریزانەکان پاداشتێکی دیکەیان پێدرا کە تایبەتمەندییەکی ناوخۆیی هەبوو، ئەویش پێدانی بڕی تەماتەی ناسراو بە 'بۆمبۆن کۆلۆرادۆ' بوو بە کێشی جەستەی هەر یەکێکیان. فابیان رویز 85 کیلۆگرام تەماتەی وەرگرت، لەکاتێکدا گاڤی
68.5 کیلۆگرامی وەرگرت.

پێشتریش خیسۆس ناڤاسی ئەستێرەی پێشووی سێڤییا لە ساڵی 2010 رێزلێنانێکی هاوشێوەی پێدرا، دوای ئەوەی بەشداربوو لە بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی مۆندیال بۆ ئیسپانیا لە ئەفریقای باشوور.

ئەم دەستپێشخەرییەی گاڤی بەشێکی نوێ دەخاتە سەر پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ زێدی خۆی، کە تێیدا لە شارۆچکەیەکی بچووکەوە گەیشتە لووتکەی تۆپی پێی جیهانی، بەبێ ئەوەی رەگ و ریشەی خۆی و ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا گەورە بووە، لەبیر بکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە