ئینفانتینۆ پەنا بۆ ترەمپ دەبات و یۆفاش لە دژی دەوەستێتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
17 جار خوێنراوەتەوە
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە و دەیەوێت پشتگیریی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی پارێزگاری لە شوێنی خۆی بکات و وەکو سەرۆکی فیفا بمێنێتەوە.
سەرەتای کێشەکە بۆ پڕۆژەیەک دەگەڕێتەوە بە ناوی FIFA Forward Enterprise، کە تێیدا ئینفانتینۆ دەیویست بەشێکی چالاکییە بازرگانییەکانی فیفا و رێکخستنی پاڵەوانێتییەکان بداتە کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ 'تایبەتکردن'ـی فیفا بینرا و ناڕەزایەتی یوفا، یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا و کۆنکاکافی لێکەوتەوە، تەنانەت یوفا هەڕەشەی بایکۆتکردنی هەموو پاڵەوانێتییەکانی فیفای کردبوو.
دوای ئەمە سەرۆکی فیفا رووبەڕووی لێشاوێکی زۆری ناڕەزایەتیی بووەوە و لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپاوە داوای دەستلەکارکێشانەوەی لێکرا.
بەپێی هەواڵێکی نیویۆرک پۆست، لە ماوەی رابردوودا جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا هەوڵیداوە راستەوخۆ پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپەوە بکات، بەڵام ترەمپ پەیوەندییەکەی وەڵام نەداتەوە، بەڵام فیفا ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت " لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆکی فیدراسیۆنەکە هیچ پەیوەندییەکی بە سەرۆکی ئەمریکا و هیچ کەسێک لە ئیدارەکەی نەکردووە، تەمە تەنیا خەیاڵ و دروستکراوە".
لەلایەکی دیکەوە ئەلیکساندەر چێفرین، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا پشتگیری بیرۆکەی بایکۆتکردنی یارییەکانی مۆندیالی خانمان لە 2029 لەلایەن یانەکانی ئەورووپاوە دەکات، بۆ ئەوەش قسەی لەگەڵ ناسڕ خلێفی، سەرۆکی دەستەی یانەکانی ئەورووپا کردووە بۆ ئەوەی پشتگیری بیرۆکەکە بکەن.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا دەیەوێت گوشار بخاتە سەر جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، بۆ ئەوەی دەستلەکاربکێشێتەوە، بۆ ئەوەش بەدوای جێگرەوەیەکی گونجاودا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی لە شوێنی ئەو ببێتە سەرۆکی فیفا.
|