نەسڕ لە لووتکەوە بۆ لێواری داڕمان

50   خولەک پێش ئێستا  18 جار خوێنراوەتەوە

یانەی نەسڕی سعودی، پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی سعودی، لەبەردەم قەیرانێکی دارایی و کارگێڕی گەورەدایە کە وایکردووە ئامادەسازییەکانی یانەکە بۆ وەرزی نوێی خولە نێوخۆیی و ئاسیاییەکان، بەتەواوی پەکی بکەوێت.

نەسڕ کە وەرزی رابردوو، نازناوی خولی سعودیەی بەدەستهێنا و بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا مسۆگەرکرد، بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییە سعودییەکان، کەوتووەتە دۆخێکەوە، مەترسی لەسەر داڕمانی یەکجاریی هەیە.

قەیرانی یانەکە بەشێوەیەکە کە پەیکەری کارگێڕیی یانەکەش رووبەڕووی هەڵوەشانەوە و داڕووخان بووە.

کەڵەکەبوونی قەرزەکان

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەکە بەدەست کەڵەکەبوونی قەرزێکی زۆرەوە دەناڵێنێت کە 800 ملیۆن ریالی سعودی (نزیکەی 213 ملیۆن دۆلار)ی تێپەڕاندووە. بەپێی سەرچاوەکان، ئەو کورتهێنانە گەورەیە بۆ خەرجییە خەیاڵییەکانی یانەکە و لادان لە سنووری ئەو بودجەیە دروستبووە، کە سندوقی وەبەرهێنانی سعودی بۆ یانەکەی دەستنیشانکردبوو.

عەبدوڵڵا ئەلماجد، سەرۆکی یانەی نەسڕ، بە فەرمی دەستی لەکارکێشایەوە و رایگەیاند کە دەگەڕێتەوە نێو ریزەکانی هاندەران. دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی یانەکە، لە دوای ئاشکرابوونی قەرزە زۆرەکانی سەر یانەکە بوو.

سندوقی وەبەرهێنان دەستوەردان دەکات

سندوقی وەبەرهێنانی گشتیی سعودیە کە خاوەندارێتی ژمارەیەک یانەی خولەکە دەکات، لە نێویاندا نەسڕ، هەنگاوی بۆ راستکردنەوەی دۆخی یانەکە ناوە، لەگەڵ رێگریکردن لە داڕمانی یەکجاریی تیپەکە.

هەنگاوەکانی سندوقەکە بریتین لە: 

سنووردارکردنی دەسەڵاتەکان: سندوقەکە بڕیاری داوە بە شێوەیەکی فەرمی، دەسەڵاتە داراییەکان لە تیمی جێبەجێکاری یانەکە وەربگرێتەوە، بەتایبەتی لە هەریەکە لە سیماو کۆتینیۆی بەڕێوەبەری وەرزشی و خۆسێ سیمیدۆی بەڕێوەبەری گرێبەستەکان، کە هەردووکیان بە کەسە نزیکەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی یانەکە دادەنرێن. بەپێی ئەو بڕیارە، ئیدی هیچ بڕیارێکی دارایی بەبێ گەڕانەوە بۆ سندوقی وەبەرهێنان جێبەجێ ناکرێت.

راوێژکاری و چاکسازی: گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی راوێژکاری دارایی و یاسایی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا، زیادکردنی داهاتە بازرگانییەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە زیادەکان بە پلانێکی کاتی.

بژاردەی فرۆشتن: سندوقەکە ئێستا لێکۆڵینەوە لە دوو پێشنیاز دەکات بۆ ئەوەی پشکەکانی نەسڕ بەشێکی بفرۆشرێت بە کەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی
یانەکە لەم قەیرانە رزگار بێت، هاوشێوەی ئەوەی لە یانەی هیلال روویدا.

دۆخەکە سەری کێشا بۆ یاریزانان

کێشە داراییەکان و بێپارەیی، یانەی نەسڕیان دووچاری تەنگژەی نەهێنانی یاریزانی نوێ و دەستبەستراوی لە خۆنوێکردنەوە کردووە، لیژنەی دارایی سەر بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، چوار گرێبەستی یانەکەی رەتکردووەتەوە.

عەبدولعەزیز عەسیمی، رۆژنامەنووسی وەرزشیی نزیک لە یانەکە ئاشکرای کردووە، لیژنەی چاودێری دارایی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، بەهۆی نەبوونی پارەی کاش و کەڵەکەبوونی قەرزەکان، رەتیکردووەتەوە واژۆ لەسەر چوار گرێبەستی گرنگی بکات.

ئەو رۆژنامەنووسە کە وایداناوە ئەوە مەترسیدارترین قۆناخی قەیرانی یانەکەیە، ئاشکرایکردووە، کارکردنی یانەکە لەسەر ئەم گرێبەستانە راگیراون:

  - عەبدولڕەحمان غەریب: نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە راگیراوە.
  - محەممەد تەحان: نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە پەکی خراوە.
  - سامۆ کۆستا: یاریزانە پۆرتوگالییەکەی یانەی ریال مایۆرکا کە گرێبەستی لەگەڵ کرابوو و هەموو شتێکی کۆتایی هاتبوو، بەڵام لیژنەی دارایی رێگای بە واژۆکردنی گرێبەستەکەی نەدا.
  - ئانجی پۆستیکۆگلۆ: تەنانەت گرێبەستی ئەو راهێنەرە نوێیەش بەهەمان هۆکار رەتکراوەتەوە، ئەگەرچی ئەو راهێنەرە لە سعودیەیە و یانەکە دیمەنی یاریزانانی تیپەکەی لەکاتی مەشقدا، لەگەڵ ئەو راهێنەرە بڵاوکردووەتەوە.

ئێستا نەسڕ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە؛ ئایا دەتوانێت پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ ئەو 800 ملیۆن ریالە قەرزە چارەسەر بکات و متمانەی لیژنەی دارایی بەدەستبهێنێتەوە، یان کارەساتێکی گەورەتر چاوەڕێی یانەکەی رۆناڵدۆ دەکات؟


   ئەمانەش بخوێنەرەوە