گواردیۆلا مەرجێکی قورس بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەری ئیتاڵیا دادەنێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
22 جار خوێنراوەتەوە
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا لە هەوڵی رزگارکردنی هەڵبژاردەکەیاندایە لەو قەیرانە گەورەیەی تێیکەوتووە، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندییان بە پێپ گواردیۆلاوە کردووە، بەڵام داواکارییە داراییەکانی ئەو راهێنەرە ئیسپانییە بووەتە رێگر لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتن.
گابریێل گراڤینا، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا دانی بەوەدانا کە پەیوەندییان بە پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتییەوە کردووە. گراڤینا ئاماژەی بەوە کردبوو دەکرێت بۆ حاڵەتێکی وەک گواردیۆلا "هەندێک جیاکاری لە بودجەی فیدراسیۆنەکەدا بکرێت بۆ دابینکردنی مووچەکەی".
میدیای ئیتاڵیا ئاشکرای کردووە ئەو راهێنەرە کەتەلۆنییە داوای 20 ملیۆن یۆرۆی کردووە وەک مووچەی ساڵانە، ئەمەش دوو هێندەی ئەو بڕە پارەیەیە فیدراسیۆنی ئیتاڵیا ئامادەی کردووە.
مالدینی و لیۆناردۆ، بەڕێوبەرانی وەرزشی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، گواردیۆلا بە باشترین بەربژێر دەبینن، بەڵام نەک بەو نرخە خەیاڵییەی ئەو داوای کردووە. ئێستا فیدراسیۆنەکە بەدوای راهێنەرێکی دیکەدا دەگەڕێت و ناوی هەریەکە لە ئەندریا پێرلۆ، رۆبێرتۆ مانچینی و ئەنتۆنیۆ کۆنتی لە لیستەکەدا هەن.
تۆپی پێی ئیتاڵیا لە قەیرانێکی قووڵدایە، دوای ئەوەی هەڵبژاردەکە نەیتوانی بگاتە دوا سێ مۆندیال لە ساڵانی 2018، 2022 و 2026، بۆیە فیدراسیۆنەکە بەدوای چارەسەرێکی رادیکاڵدا دەگەڕێت تاوەکو جارێکی دیکە ئیتاڵیا بخاتەوە سەر نەخشەی جیهان.
|