عێراق بە دەرزەنێک گۆڵەوە ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد
1 کاتژمێر پێش ئێستا
10 جار خوێنراوەتەوە
لە كۆتا یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیال، عێراق لە بەرامبەر سەنیگال دووچاری شكستێكی گەورە هات و پێنج جار تۆڕی گۆڵەكەی بەسەركرایەوە، ئێرانیش هێشتا هیوای ماوە كە وەک یەکێک لە باشترین سێیەمەکان خۆی بگەیەنێتە قۆناغی داهاتوو.
هەڵبژاردەی عێراق هەر سێ یارییەكەی لە قۆناغی كۆمەڵەكان دۆڕاند و تۆڕی گۆڵەكەشی 12 جار هەژێنرا، لە دوا یاریشدا لەسەر دەستی سەنیگال دووچاری شكستێكی گەورە بوو كاتێك یارییەكەی بە پێنج گۆڵی خاوێن پێ دۆڕاند و ماڵئاوایی لە مۆندیال كرد.
لە هەمان گرووپدا فەرەنسا، نەرویجی گۆڵباران كرد و یارییەكەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر تاكە گۆڵێك لێ بردەوە و بە خاڵی تەواوەوە خۆی گەیاندە قۆناغی 32، هەرچی هەڵبژاردەی نەرویجە بە پلەی دووەمی ئەو كۆمەڵەیە سەركەوت و سەنیگالیش وەك باشترین سێیەم، پلیتێكی قۆناغی داهاتووی بڕی.
لە ڕكابەرییەكانی گرووپی هەشتەمدا ئیسپانیا بە بردنەوەی لە ئۆرۆگوای بە گۆڵێكی بێ بەرانبەر، بە پێشەنگی كۆمەڵەكەی بۆ قۆناغی داهاتوو سەركەوت و کاپ ڤێردی، ئەسپە ڕەشەكەی كیشوەری ئەفریقاش، سەرەڕای یەكسانبوونی لەگەڵ سعوودیە، بە دووەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوت، لەم گرووپە ئۆرۆگوای و سعوودیە ماڵئاواییان کرد.
هەرچی ڕكابەرییەكانی گرووپی حەوتەمدا، بەلجیکا شكستێكی گەورەی تووشی نیوزلاندا كرد و بە پێشەنگ خۆی گەیاندە قۆناغی 32، یاریی میسڕ و ئێرانیش بە یەكسانبوون بە گۆڵێك كۆتاییهات و بەم ئەنجامەش، میسڕ بە دووەمی گرووپەكەی وەک دووەم هەڵبژاردەی عەرەبی دوای مەغریب، بۆ قۆناغی داهاتوو سەركەوت و لەوێ ڕووبەڕووی ئوستراڵیا دەبێتەوە
ئێرانیش كە خاوەنی سێ خاڵە، هێشتا هیوایی ماوە وەک یەکێک لە باشترین سێیەمەکان خۆی بگەیەنێتە قۆناغی 32.
|