عێراق بە درێژترین رێگەدا تێپەڕی و گەیشتە مۆندیال

4   کاتژمێر پێش ئێستا  63 جار خوێنراوەتەوە

هەڵبژاردەی عێراق، درێژترین پاڵاوتنی ئەنجامدا و وەکو دوایین هەڵبژاردە گەیشتە مۆندیالی 2026.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوایین یاریی پاشکۆی جیهان بۆ گەیشتن بە مۆندیال، هەڵبژاردەی عێراق لە مەکسیک بەرامبەر بۆلیڤیا یارییکرد و بەبردنەوەی یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک خۆی گەیاندە مۆندیالی 2026.
 
عێراق دوای 40 ساڵ و لە دوای مۆندیالی 1986 جارێکی دیکە خۆی گەیاندە مۆندیال و بۆ جاری دووەم لە مێژووییدا بەشداری لە رکابەرییەکانی گەورەترین پاڵەوانێتیی جیهاندا دەکات.
 
ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە عێراق کاتێک بۆ یەکەمجار بەشداریی لە مۆندیالدا کرد لە 1986، لە مەکسیک بوو، دوای 40 ساڵ کاتێک دەگاتەوە مۆندیال، لە مەکسیکەوە گەیشت.
 
جگە لەوە هەڵبژاردەی عێراق یەکێک لە درێژترین پاڵاوتنەکانی مۆندیالی لە مێژوودا ئەنجامدا، بە جۆرێک هەڵبژاردەکە 2 ساڵ و 4 مانگ و 11 رۆژە لە پاڵاوتن بەردەوامە، کە بەشێوەیەکی گشتی دەکاتە 862 رۆژ.
 
عێراق لە 21-11-2023 لە قۆناخی دووەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بەرامبەر ڤێتنام کاروانەکەی دەستپێکرد و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردییەوە.
 
لە قۆناخی دووەم هەڵبژارەکە شەش یاریی ئەنجامدا و هەموو یارییەکانی بردەوە، بە یەکەمی کۆمەڵەکە گەیشتە قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیال.
 
لە قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکاندا، عێراق لە 10 یارییدا 4 بردنەوە، 3 یەکسانبوون و 3 دۆڕانی هەبوو، دوای ئەوە بە سێیەمی کۆمەڵەی دووەم گەیشتە پاشکۆی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال.
 
لە پاشکۆی ئاسیادا کە شەش تیپ مانەوە، عێراق لە کۆمەڵەی دووەمدا بەرامبەر سعودیە و ئیندۆنیزیا یارییکرد و بەبردنەوەیەک و یەکسانبوونێک پلەی دووەمی لە کۆمەڵەی دووەم بەدەستهێنا و لەگەڵ ئیمارات گەیشتنە قۆناخی کۆتایی پاشکۆی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال.
 
لە دوایین قۆناخی پاشکۆکەدا لەسەر ئاستی ئاسیا، عێراق بە 3-2 لە ئیماراتی بردەوە، بەمشێوەیە هەڵبژاردەکە گەیشتە دوایین قۆناخی پاشکۆی جیهان بۆ گەیشتن بە مۆندیال.
 
لە دوایین پاشکۆی جیهاندا عێراق لە هەڵبژاردەی بۆلیڤیای بردەوە و گەیشتە مۆندیالی 2026.
 
هەڵبژاردەی عێراق لە مۆندیالی 2026 لە کۆمەڵەی نۆیەم یاریی دەکات، رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی نەرویج، فەرەنسا و سەنیگال دەبێتەوە.
 
بەپێی راگەیێنراوێکی فیفا لە یەکەم ساتی دەستپێکردنی پاڵاوتنەکانی مۆندیالەوە تاوەکو تەواو بوونی سەرجەم پاڵاوتنەکان بە پاشکۆوە 937 رۆژی پێویست بووە، لەو 937 رۆژە هەڵبژاردەی عێراق زۆرترین کاتی پێویست بووە بۆ گەیشتن بە مۆندیال و 862 رۆژ لە پاڵاوتندا بەردەوامبووە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە