هەموو شت یەکلایی بووەوە، زیدان ئەرکە نوێیەکەی وەردەگرێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا
60 جار خوێنراوەتەوە
زینەدین زیدانی ئەفسانەی پێشووی فەرەنسا، نزیکە لە گەڕانەوە بۆ کاری راهێنەرایەتی، پاش پێنج ساڵ دابڕان و دوورکەوتنەوە لەو کارە.
زیدان دوایینجار لە بەهاری 2021 لە کارەکەی دوورکەوتەوە، پاش کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی بۆ جاری دووەم لەگەڵ ریال مەدرید.
میدیای فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، زیدان رێکەوتنی کۆتایی کردووە بۆ وەرگرتنی مەشقدانی هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە دوای مۆندیالی 2026.
پێشتر دیدێ دیشامی راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەکە رایگەیاندبوو، لە دوای مۆندیالی داهاتوو، دەست لە ئەرکەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا هەڵدەگرێت.
سەرچاوەکان دەڵێن، زیدان کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی رۆیشتنی دیشام دەکات، رێکەوتنی زارەکیی کۆتایی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا کردووە، بۆ دەستبەکاربوون لە دوای رۆیشتنی دیشام.
دیشام کە مۆندیالی 2018ی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بەدەستهێناوە، دووپاتیکردبووەوە، بەهیچ شێوەیەک نیازی پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری بەجێهێشتنی هەڵبژاردەی فەرەنسای نییە و نایەوێت لە نەیشنسلیگی داهاتوو، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا بێت.
زیدان پێشبینیکراوە، دەستبەجێ دوای رۆیشتنی دیشام مەشقدانی هەڵبژاردەکە وەربگرێت، کە لە پاش مۆندیالی داهاتوو دەبێت و ئەرکی یەکەمیشی، بەشداریکردن دەبێت لە نەیشنسلیگی داهاتوو کە فەرەنسا لە کۆمەڵەیەکی بەهێز یارییدەکات کە هەڵبژاردەکانی ئیتاڵیا، بەلجیکا و تورکیا لە خۆ دەگرێت.
زیدان جیا لەوەی کە وەک یاریزان ئەفسانەی فەرەنسا و ریال مەدرید بووە، وەک راهێنەریش پێشەوایەتیی ریال مەدریدی کردووە بۆ بەدەستهێنانی سێ نازناوی لەسەریەکی چامپیۆنزلیگ، کە ئەوە دەستکەوتێکە پێشتر هیچ راهێنەرێک بەدەستی نەهێناوە.
|