3 کارەسات بەهۆی پێکانی ئێمباپێ یەخەی ریال مەدرید دەگرن

2026-01-03  95 جار خوێنراوەتەوە

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تووشی شۆکێکی گەورە بوو، دوای ئەوەی کیلیان ئێمباپێی گۆڵکاری فەرەنسی و ئەستێرەی یەکەمی تیپەکە تووشی پێکان بوو، و بەو هۆیەوە بۆ ماوەی 3 هەفتە لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.
 
ئەم پێکانەی ئێمباپێ لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، بەو پێیەی یانە شاهانەکە لەم مانگەدا، یارییەکانی جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە ئەنجام دەدات و دەبێت بەبێ چەکی یەکەمی هێرشبەری، رووبەڕووی رکابەرەکانی ببێتەوە.
 
دوورکەوتنەوەی ئێمباپێ تەنیا لەدەستدانی یاریزانێک نییە، بەڵکو 3 کارەساتی راستەقینە بۆ پێکهاتەکەی چابی ئەلۆنسۆ دروست دەکات، کە لێرەدا دەیانخەینەڕوو:-
 
1 - گۆڵکارە بکوژەکە ون دەبێت
 
دوورکەوتنەوەی ئێمباپێ گورزێکی کوشندەیە بۆ هێڵی هێرشبەری ریال مەدرید، چونکە ئەو یاریزانە تەنیا هێرشبەر نییە، بەڵکو مەکینەیەکی گۆڵکردنە و توانایەکی بێوێنەی لە قۆستنەوەی هەلەکان و دروستکردنی مەترسی بەردەوام بۆ سەر تیپی بەرامبەر هەیە.
 
ئەم ئەستێرە تەمەن 27 ساڵە، لەم وەرزەدا ئاستێکی خەیاڵی پێشکەش کردووە؛ لە 24 یاریدا 29 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 ئەسیستیشی هەیە. ئێمباپێ کە وەرزی رابردوو گۆڵکاری خولی ئیسپانی بوو، نەبوونی لەنێو یاریگەدا هێزی هێرشبەری مێرێنگی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.
 
2 - بۆشاییەکی گەورە لە هێڵی پێشەوە
 
بەهۆی پێکانەکەی ئێمباپێوە، ریال مەدرید قورساییەکی زۆری هێرشبەری لەدەست دەدات. کێشە گەورەکە ئەوەیە تیپەکە هێرشبەرێکی دیکەی 'سەرەڕم'ـی نییە کە بتوانێت هەمان کوالێتی و کارایی ئێمباپێ پێشکەش بکات.
 
لەگەڵ رۆیشتنی ئێندریکی بەرازیلی بۆ یانەی لیۆنی فەرەنسی بەشێوەی خواستن، ئێستا تەنیا یەک بژاردە لەبەردەم چابی ئەلۆنسۆی راهێنەردایە، ئەویش پشتبەستنە بە یاریزانی لاو گۆنزالۆ گارسیا، یان ناچار دەبێت گۆڕانکاری لە شوێنی یاریزانەکاندا بکات و جود بێلینگهام وەک هێرشبەری سەرەکی ژمارە 9 بەکاربهێنێتەوە، هاوشێوەی ئەوەی لە وەرزی پێشووتردا دەیکرد.
 
3 - لەدەستدانی سەرکردەی نێو یاریگە
 A
ئێمباپێ تەنیا گۆڵکار نییە، بەڵکو بووەتە سەرکردەیەکی راستەقینە لەنێو یاریگە و لە ژووری جلگۆڕینیشدا. ئەو هەمیشە هاندەری هاوڕێکانیەتی و بە جوڵە بەردەوامەکانی بۆ وەرگرتنی تۆپ، گوشار لەسەر تیپی بەرامبەر دروست دەکات.
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە رۆڵێکی کاریگەری هەیە لە یەکخستنی ریزەکانی یاریزانان و بەرزکردنەوەی ورەی تیپەکە، ئەمەش ئەو خاڵە گرنگەیە کە ریال مەدرید لە یارییە یەکلاکەرەوەکانی جامی سوپەردا زۆر بیری دەکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە