سەرکردەکانی ریال مەدرید داوای فرۆشتنی بەپەلەی ڤینیسیۆس دەکەن
2026-01-03
116 جار خوێنراوەتەوە
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا، بۆمبێکی پشتی دەرگا داخراوەکانی یانەی ریال مەدریدیان تەقاندەوە، ئاشکرایانکردووە، سەرکردەکانی ریال مەدرید بە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەیان وتووە، پێویستە بەزووترین کات، ڤینیسیۆس جۆنیۆر بفرۆشێت.
وەک ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، سەرکردەکانی ریال مەدرید بە سەرۆکی یانەکەیان گوتووە، چیدی پێویست بەئارامگرتن لەسەر ڤینی ناکات، مانەوەی ئەو، "واتای بەردەوامبوونی کێشەکان و سەرهەڵدانی کێشەی نوێ لە ژووری جلگۆڕینی تیپەکە".
ڤینیسیۆسی 25 ساڵان، لە هاوینی رابردووەوە بووەتە مانشێتی بەردەوامی رۆژنامەکان، پاشئەوەی رازینەبوو گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، ئەگەر یانەکە مەرجەکانی ئەو جێبەجێ نەکەن.
وەکئەوەی میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ڤینی سوورە لەسەر داواکارییەکانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، لەنێویاندا هاوتاکردنەوەی مووچەکەی لەگەڵ مووچەی کیلیان ئێمباپێ، کە خاوەنی بەرزترین مووچەیە لە ریال مەدرید.
کارگێڕیی یانەکە داواکارییەکەی ڤینی تا ئێستا رەتکردووەتەوە، لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە دەڵێن، یانەکە دەیەوێت بەر لە چوونە نێو ساڵی کۆتایی گرێبەستەکەی ڤینی لە 2027، ئەو یاریزانە بفرۆشێت.
ماڵپەری '365' ئاشکرایکردوە، ژمارەیەک یاریزانی ئێستای ریال مەدرید کە قورساییان لە تیپەکەدا هەیە، بەتایبەت لەگەڵ سەرۆکی ریال مەدرید کۆبوونەتەوە بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی ڤینیسیۆس.
ئەو سەرچاوەیە دووپاتیکردووەتەوە، یاریزانە سەرکردەکانی ریال مەدرید، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ پێرێز، بە راشکاوی بەسەرۆکی یانەکەیان گوتووە، پێویستە بەزووترین کات ڤینی بفرۆشێت، لەبەرئەوەی بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی "ناکۆکی" لەژووری جلگۆڕینی یانەکەدا.
سەرچاوەکە ناوی ئەو یاریزانانەی ئاشکرا نەکردووە کە داواکارییەکەیان لە پێرێز کردووە، بەڵام بەپێی لێکدانەوەی وشەی 'سەرکردە' لە ریزەکانی ئێستای یانەکە، وەکئەوەی لە هەواڵەکەدا باسکراوە، دەکرێ هەریەکە لە جود بێلینگهام، فیدریکۆ ڤاڵڤێردی، دانی کارڤاخال و تیبۆ کۆرتوا ئەو داوایەیان لە سەرۆکی ریال مەدرید کردبێت.
ئەو سەرکردانە بە پێرێزیان گوتووە، "ڤینی بووەتە هۆکاری دابەشبوونی ژووری جلگۆڕین و نەمانی یەکدەستیی نێوان یاریزانان، هەڵسوکەوتی نێگەتیڤە و لە کاتی دۆڕاندا، خۆی لە بەرپرسیارێتی دەدزێتەوە و هاوکاریی هاوڕێکانی ناکات لەکاتی نەهامەتییەکانی تیپەکەدا".
ئەو سەرکردانە لە کۆبوونەوەی سەرۆکی یانەکەدا، هەروەها گوتوویانە، ڤینی خۆی ناکات بەساحێبی شکستەکان، خۆی دادەبڕێت و لە هاوڕێکانی دووردەکەوێتەوە، هەروەها زمانی جەستەی ئەو، بووەتە هۆکار بۆ بێزارکردنی یاریزانانی دیکەی تیپەکە و تەنیا بۆخۆی و خۆپەرستانە یارییدەکات، بەبێئەوەی بەلایەوە گرنگ بێت لە تیپەکەدا چی روودەدات.
سەرچاوەکە زیاتر دەڵێ، سەرکردەکان بەپێرێزیان گوتووە، ناکرێ و ناتواین تیپێکی بەهێز و یەکگرتوو کە توانای رکابەریی لەسەر نازناوەکان هەبێت دروست بکەین، تاوەکو ڤینی لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا بێت.
گرێبەستی ڤینیسیۆس لەگەڵ ریال مەدرید، هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەشی بڕی یەک ملیار یۆرۆیە.
|