میدیای کەتەلۆنیا: لە کلاسیکۆدا دزی لە بارسێلۆنا کرا
3 کاتژمێر پێش ئێستا
28 جار خوێنراوەتەوە
رۆژنامە وەرزشییەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، ئەنجامی یاریی کلاسیکۆیان بەدزی لە یانەی بارسێلۆنا ناوبردووە. پێیانوایە ناوبژیوان ناهەقیی زۆری بەرامبەر بارسا کردووە و لێدانێکی سزای بۆ تیپەکە ئەژمار نەکردووە.
کلاسیکۆی یەکەمی ئەمساڵ لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بەسەرکەوتنی ریال مەدرید بە 2 - 1 گۆڵ کۆتایی هات. لەدوا خولەکەکانی یارییەکەدا، دەمەقاڵە و پێکدادان لەنێوان یاریزانانی هەردوو یانەدا روویدا.
شرۆڤەکارەکانی میدیای کەتەلۆنیا، مشتومڕیان لەسەر چەندین رووداوی نێو کلاسیکۆ دروستکردووە و پێیانوایە یانەکەیان رووبەڕووی ناهەقیی بووەتەوە.
شیکەرەوەی ناوبژیوانی، سیزار بارێنێچیا مۆنتێرۆ، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'، دەڵێ لەو گرتەیەدا کە دانی کارڤاخال لەنێو ناوچەی سزای تیپەکەیدا بەرکەوتنی لەگەڵ ئاراوخۆ هەبوو، دەبوو ناوبژیوان لێدانی سزا بۆ بارسێلۆنا ئەژمار بکات.
رووداوەکە لە خولەکی 92ی یارییەکەدا بوو، کاتێک یاریزانانی بارسا تۆپێکی بەرزیان بۆ ناوچەی سزای ریال مەدرید و بەردەم تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێز هەڵدا، لە کاتێکدا ئاراوخۆ نزیکبوو لەوەی تۆپەکە وەربگرێت، لەساتی هەڵساندا، دانی کارڤاخال لەگەڵیدا هەمان هەوڵیدا و بەهۆیەوە ئاراوخۆ نەیتوانی تۆپەکە وەربگرێت و کەوت.
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێ، "ئاراوخۆ، کە وەک هێرشبەرێک پێشڕەوی کردبوو، بەدوای تۆپەکەدا دەگەڕا. بەڵام دانی کارڤاخال، هیچ هەوڵێکی بۆ گەیشتن بە تۆپەکە نەدا، بەڵکو بە ئاشکرا شانێکی لە پشتی ئاراوخۆ دا و خۆی بە یاریزانە ئۆرۆگواییەکەدا کێشا و لەنێو هێڵی سزادا خستییە سەر زەوی".
ئەگەرچی لەدوای بەربوونەوەکەی، ئاراوخۆ دەستبەجێ داوای لێدانی سزای کرد، بەڵام، وەک ئەو شرۆڤەکارە دەڵێ، "ناوبژیوان سۆتۆ گرادۆ و تیمەکەی ڤار، بێباکانە ناڕەزایەتییەکانی ئاراوخۆیان پشتگوێ خست. سەیرتر ئەوەیە کە ڤار بڕیاری نەدا سەیری دیمەنەکە بکاتەوە، ئەمەش گومانێکی زۆری دروستکردووە".
بارێنێچیا دەڵێ، "ئەمە لێدانێکی سزای ئاشکرایە، چونکە کارڤاخال هەرگیز مەبەستی گەیشتن بە تۆپ نەبوو، تاکە ئامانجی بەرکەوتن بوو لەگەڵ یاریزانی بەرامبەر".
بەبردنەوەی کلاسیکۆ، ریال مەدرید بەکۆکردنەوەی 27 خاڵ لە پێشەنگی لالیگا مایەوە و جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا بۆ 5 خاڵ بەرزکردەوە.
|