وردەکاریی شەڕ و دەمەقاڵەی نێوان ڤینیسیۆس و لامین لە کلاسیکۆ
3 کاتژمێر پێش ئێستا
21 جار خوێنراوەتەوە
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا، وردەکاریی دەمەقاڵەی نێوان ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید و لامین یامالی ئەستێرەی بارسێلۆنایان ئاشکراکردووە، کە دوای یاریی نێوان هەردوولا روویدا.
ریال مەدرید لە یەکەم کلاسیکۆی وەرزی ئەمساڵدا، بە 2 - 1 گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا بەجیاوازیی پێنج خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنا، قایمتر کرد.
دوای یارییەکە، کێشە و دەمەقاڵە و پێکدادانی سووک لە نێوان یاریزانانی هەردوو یانەدا روویدا.
رووداوەکە بەو شێوەیە بوو، لەگەڵ فیکەی کۆتایی ناوبژیوانی یارییەکە، ڤینیسیۆس کە چارەکێک لەوەو پێش، بەهۆی گۆڕانکارییەوە یاریگەی بەجێهێشتبوو و لە شوێنی ئەو رۆدریگۆ هاتبووە نێو یاریگەوە، روویکردە لامین یامال و هەندێک قسەی بەو یاریزانە گوت و ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی گرژی و جۆرێک لە پێکدادانی نێوان یاریزانانی هەردوولا، بەرلەوەی دۆخەکە ئارام بکرێتەوە.
رۆژنامەی 'مارکا' ئاشکرایکردووە، سەرەتای رووداوەکە، لە دانی کارڤاخالەوە بووە، کە دوای یارییەکە راستەوخۆ روویکردووەتە لامین و پێیگووتووە، "ئەگەر قسەی زۆرت دەکرد، دەبوو ئامادەبیت بۆ وەرگرتنەوەی پاداشتەکەی و بەرگەی ئەوە بگرێت کە لێرە روویدا".
رۆژنامەکە دەڵێ، لامین وەڵامی کارڤاخالی داوەتەوە و دەستی بۆ ژمارەیەک یاریزانی ریال مەدرید راکێشاوە و گوتوویەتی، لەدەرەوە چاوەڕێتان دەکەم، ئازان؟ وەرنە دەرەوە!!!!.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، لە گەرمەی مشتومڕی نێوان کارڤاخال و لامیندا، ڤینی گوێی لە قسەکان بووە و بەلامینی گوتووە، تۆ زۆر قسە دەکەیت، یامال جارێکی دیکە گوتوویەتی، لەبەردەم ژووری جلگۆڕیندا چاوەڕێت دەکەم.
دوای وەڵامەکەی لامین، ڤینی بەتووڕەییەوە بەرەو لامین رۆیشتووە و گوتوویەتی، فەرموو ئەوە هاتم، بەڵام دەستەی پزیشکیی ریال مەدرید و یاریزانانی یەدەگ چوونەتە نێوان هەردوو یاریزانەکەوە و نەیانهێشتووە بەیەک بگەن.
رۆژنامەکە دەڵێ، چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید، لەنێو ئەو مشتومڕەدا بەیاریزانەکانی وتووە، واز لە دەمەقاڵە بهێنن و بڕۆنە ناوەڕاستی یاریگە ئاهەنگ بگێڕن و سوپاسی هاندەران بکەن.
گرتە ڤیدیۆییەکان دەریدەخەن، یاریزانانی ریال مەدرید، دوای قسەکانی ئەلۆنسۆ، وازیان لە شەڕەکە هێناوە و دەستیانکردووە بەئاهەنگگێڕان.
پێشتر و لە دوا خولەکەکانی یارییەکەدا، مشتومڕ و هەندێک رووداو لە نێوان یاریزانانی هەردوو یانەدا روویاندا.
کێشەکانی نێو یارییەکە ئەوکات سەریانهەڵدا، کە بەهۆی فاوڵێکی تووندی پێدری یاریزانی بارسێلۆناوە، یاریزانەکە کارتی زەردی دووەمی وەرگرت و بەکارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەو رووداوە لە خولەکی دەی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا بوو.
رووداوەکان بەوەندە کۆتاییان نەهات، دەمەقاڵە لەنێوان دەستەی هونەریی هەردوو تیپدا هەڵگیرسا، ئەوەش بووە هۆی سەرهەڵدانی پشێوییەکی گەورە لەنزیک کورسیی یەدەگی هەردوو یانە، بەرلەوەی ناوبژیوانان دۆخەکە ئارام بکەنەوە.
دوای فیکەی کۆتایی یارییەکە، کێشەکان جارێکی دیکە سەریانهەڵدایەوە، بەهۆی مشتومڕی نێوان تیبۆ کۆرتوا و لامین یامال، بەرلەوەی یاریزانانی هەردوو یانە تێوەبگلێن و تەنانەت یاریزانە پێکراوەکانی هەردوو یانە، رافینیا و رۆدیگێر لە دەمەقاڵە و پێکدادانەکەوە ئاڵان، ئەگەرچی لە لیستی هەردوو تیپدا نەبوون بۆ یارییەکە.
دەمەقاڵە و پێکدادانی نێوان یاریزانانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا بەر لە یارییەکە پێشینەی هەبوو، لامین یامال هۆکاری سەرەکیی دروستکردنی گرژیی نێوان هەردوو یانەبوو، پاشئەوەی لە پۆدکاستێکدا دوو رۆژ بەر لە یارییەکە، گوتی "مەدرید دزی دەکەن و دواتر گلەیی دەکەن".
ئەو لێدوانانەی لامین، پێشبینیکراوبوو لەلایەن یاریزانانی ریال مەدریدەوە بەتووندی وەڵام بدرێتەوە، بەڵام یانەکە پێیباشبوو کەس وەڵامی ئەو یاریزانە نەداتەوە، تاوەکو کلاسیکۆ تەواو دەبێت.
لە دوای یارییەکە، فرێنکی دی یۆنگ، کاپتنی یانەی بارسێلۆنا گوتی، یاریزانانی ریال مەدرید بەهەستیارییەکی زیاد لەپێویست، مامەڵەیان لەگەڵ قسەکانی لامیندا کردووە. لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوەی مەدریدی دەڵێن، گرژییەکان پێشبینیکراوبوون، چونکە یاریزانانی ریال مەدرید، بەقسەکانی لامین زۆر نیگەران بوون.
|