بارسێلۆنا وەڵامی یۆفا دەداتەوە لەبارەی سزادانییەوە

15   کاتژمێر پێش ئێستا  76 جار خوێنراوەتەوە

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، روونکردنەوەی بڵاوکردەوە لەبارەی ئەو هەواڵانەی باس لە ئەگەری سزادانی یانەکە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا دەکەن، بەهۆی لادان لە بنەماکانی یاسای یاریی خاوێن.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردبوو، یۆفا نزیکە لە سزادانی یانەی بارسێلۆنا، بەهۆی لادان لە بنەماکانی یاسای یاریی خاوێنی ئەورووپا و ئەمجارە سزاکە لە پێبژاردنی دارایی زیاتر دەبێت، چونکە یانەکە دووەمجارە هەمان پێشێلکاری دووبارە دەکاتەوە.
 
پێشتر یۆفا بەبڕی 500 هەزار یۆرۆ، سزای بارسێلۆنای دابوو، بەهۆی لادان لەبنەماکانی یاسا ئەورووپییەکە و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان لادان، بەپێی یاساکە، یانەی پێشێلکار سزاکەی لە پێبژاردنی پارەوە دەگۆڕێت بۆ خاڵ لێشکاندن، یان دوورخستنەوەی ژمارەیەک یاریزانی یانەکە لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان.
 
یۆفا دەڵێ، بارسێلۆنا ناتوانێت ئەو لەسەدا دەیەی مافی پەخشی یارییەکان کە لە ساڵی 2022دا و بۆ ماوەی 25 ساڵ فرۆشتویەتی، بە 'داهاتی کارپێکردن' دابنرێت وەکئەوەی یانەکە لە راپۆرتی دارایی خۆیدا بۆ یۆفا نووسیویەتی، بەڵکو ئەو کارە دەبێ بە 'قازانج لە پشکی نەبینراو' دابنرێت و بەوەش ناچێتە نێو چوارچێوەی سیستمی یاسای دارایی خاوێنەوە.
 
بارسێلۆنا پێشتر، 15 لەسەدی مافی پەخشی تەلەڤیزیۆنی یارییەکانی خۆی بەرامبەر 400 ملیۆن یۆرۆ فرۆشتبوو، بەڵام نەیتوانی ئەو داهاتە وەک 'داهاتی کارپێکردن' لە راپۆرتی دارایی خۆیدا تۆماربکات، هەر بۆیە یۆفا سزایدا، بەڵام یانەکە دۆسێیەکەی بردە دادگای دادوەریی وەرزشی و لەوێ تێهەڵچوونەوەی بڕیاری دادگای دۆڕاند و بەهۆیەوە ناچاربوو 500 هەزار یۆرۆ بدات.
 
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، یانەی بارسێلۆنا دووپاتیکردووەتەوە کە لە بنەماکانی یاریی خاوێن لاینەداوە، هەروەها هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی لەلایەن یۆفا پێنەگەیشتووە لەبارەی پێشێلکردنی بنەماکانی یاساکانی ئەو فیدراسیۆنە.
 
بارسێلۆنا دەڵێ، ناکۆکیی راستەقینە لەگەڵ یۆفا ئەوەیە کە ئەو فیدراسیۆنە هەندێک لە پڕۆسە داراییەکان وەک داهاتی کارپێکردن هەژمار ناکات، لە کاتێکدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، هەمان ئەو پڕۆسانەی وەک داهاتی کارپێکردن تۆمارکردووە.
 
بارسێلۆنا بەڵێنی بەهاندەرەکانی داوە کە لە بەدواداچوونی ئەو دۆسێیە بەردەوام بێت و لە نزیکەوە ئاگای لێبێت و لە دوایین پێشهاتەکان ئاگاداریان بکاتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە