فلیک بەبڕیارێک لەدژی یامال ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا شۆک دەکات
15 کاتژمێر پێش ئێستا
94 جار خوێنراوەتەوە
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا ژووری جلگۆڕینی یانەکەی شۆک دەکات و رایدەگەیێنێت کە درێسی ژمارە 10 بە لامین یامال نادات و ئەو درێسەی بۆ یاریزانێکی دیکە داناوە.
لە بارسێلۆنا، ئەوە یەکلاییبووەتەوە کە لەماوەی گواستنەوەی هاوینەدا ئانسۆ فاتی لە یانەکە دەڕوات و درێسی ژمارەی 10 ئەو یانەیە دەبێت بدرێتە یاریزانێکی دیکە.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ماوەیەکە باس لەوە دەکەن کە ئەو درێسە، کە میراتی مێسییە بۆ لامین یامالی ئەستێرەی لاوی یانەکە دەبێت، کە هەمووان بە میراتگری مێسی دەزانن. بەڵام وادیارە هانزی فلیکی راهێنەر لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە سەیری ئەو بابەتە دەکات و رێگە نادات ئەو درێسە بۆ لامین یامال بێت.
ئامانجی سەرەکی فرۆشتنی ئانسۆ فاتی لەلایەن بارسێلۆناوە، دەستەبەرکردنی بڕە پارەیەکی داراییە لەنێوان 15 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسا و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی باش دەزانن کە رازیکردنی هەر یانەیەک بە پێدانی ئەو بڕە پارەیە بۆ یاریزانێک کە لەم وەرزەدا تەنیا چەند یارییەکی کەمی ئەنجامداوە، لەڕادەبەدەر قورسە. بۆیە بژاردەی دانی بەشێوەی خواستنیش لەسەر مێزی بارسێلۆنا هەیە، تەنانەت ئەگەر ناچاربن بەخۆڕاییش رێگەی رۆیشتنی پێدەدەن بۆ ئەوەی لە مووچە گەورەکەی رزگاریان بێت.
ئەم بڕیارە جگە لە رزگاربوون لە مووچەی بەرزی فاتی و درێسی ژمارە 10ـشی بەردەست دەبێت بۆ یاریزانێکی دیکە، کە لەدوای رۆیشتنی لیۆنێل مێسی بۆ پاریس سانجێرمان لەبەری کردووە.
ئەو ژمارە بەنێوبانگە پێشتر لەلایەن ئەفسانەکانی وەک مایکل لاودرۆب، دیێگۆ مارادۆنا و رۆناڵدینیۆوە لەبەرکراوە و هەر ئەو گوشارانەش بوو وایانکرد کاروانی وەرزشیی فاتی لەگەڵ بارسا کە بەباشی دەستیپێکرد روو لە پاشەکشە بکات.
لامین یامال بەدیارترین ناو دادەنرێت بۆ لەبەرکردنی ژمارە 10، بەتایبەتی دوای ئەوەی خۆی وەک یاریزانێکی هەرە کاریگەری تیپەکە سەلماند، تەنانەت ئێستا وەک یەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان سەیر دەکرێت و بەرژێرێکی دیارە بۆ خەڵاتی باڵۆندۆر لە داهاتوودا.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ناسیۆنالی ئیسپانی، پێناچێت هانزی فلیکی راهێنەر نایەوێت هیچ گوشارێک بخاتە سەر لامین و پێیباشە بەردەوام بێت لە گەشەسەندنی وردە وردە لەنێو تیپەکەدا بەبێ ئەوەی بۆ ئێستا ئەو جۆرە بەرپرسیارێتییانەی بخاتەسەر. فلیک پێیوایە باشتر وایە یاریزانەکە درێسی ژمارە 19ـی لەبەردا بێت، کە ئێستا لەبەری دەکات.
لەم چوارچێوەیەدا، فلیک ئامۆژگاری خوان لاپۆرتا و دیکۆی کردووە کە لەبەردەم گوشارەکانی کۆمپانیای نایکدا ملکەچ نەبن، کە دەیەوێت ژمارە 10 بداتە یامال، چونکە لەڕووی بازاڕکردنەوە بۆ ئەو کۆمپانیایە زۆر باشە، بەڵام راهێنەرە ئەڵمانییەکە پێیوایە پێویستە ئەو ژمارەیە بدرێتە یاریزانێکی بەئەزموونتر و پێگەیشتووتر و دانی ئۆلمۆی بۆ ئەو رۆڵە دەستنیشان کردووە.
دانی ئۆلمۆ کە یاریزانێکی گرنگی یانە کەتەلۆنییەکەیە، سەرەڕای ئەوەی ناوبەناو ئاستی لە پاشەکشەدایە بەهۆی پێکانەکانی، بەڵام هێشتا وەرزێکی باشی بەڕێکردووە، لە 28 یارییدا هەشت گۆڵی تۆمارکردووە و پێنج ئەسیستیشی هەیە. ئەو ئێستا درێسی ژمارە 10ـی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەژێر سەرپەرشتی لویس دی لا فوێنتێ لەبەردایە.
|