کاتی دامەزراندنی پزیشکانی گشتی ئاشکرا کرا

15   کاتژمێر پێش ئێستا  351 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت: ''دامەزراندنی پزیشکانی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش ساڵێک دواکەوتووە، فۆڕمی دامەزراندنیشمان راگەیاندووە''.
 
د. ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دامەزراندنی پزیشکانی گشتی گرنگە، چونکە کار لەسەر پزیشکانی خولاو و پلەبەندیش دەکات.
 
بەوتەی د. ماجد شنگالی، تائێستا بە یاسایی بڕیاری دامەزراندنی پزیشکانی عێراق و هەرێمی کوردستان نەدراوە.
 
د. ماجد شنگالی ئاماژە بەوەش دەکات : پشت بە خودا تاوەکو مانگی 11 پزیشکانی دادەمەزرێن.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق پێشتر داوای لە دەرچووانی ساڵی 2023-2024ی بەشی پزیشکیی گشتی کرد، "ئەوانەی خواستی دامەزراندنیان هەیە لەسەر میلاکی وەزارەت، فۆرمی ئەلیکترۆنیی تایبەت پڕ بکەنەوە."

وەزارەتی تەندروستیی عێراق راشیگەیاندبووە، "جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بۆ دوای پەسندکردنی خشتەکانی بودجە لەلایەن وەزارەتی دارایی دەبێت."

هاوکات سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، "بڕیارەکە دەرچووانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و دامەزراندنەکە بە یەک پاکێج دەکرێت."
 
د. ئامانج وەفایی، وتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان ئاماژەی بەوەکردبوو، "وەزارەتی تەندروستی ناوی ئەو دەرچووانەی لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو ناردووەتە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ دامەزراندنی دەرچووانی پزیشکیی گشتی لە هەرێمی کوردستان، لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵی."
 
دەرچووانی بەشی پزیشکیی گشتی لە عێراق بۆ ساڵانی 2023 - 2024 ژمارەیان نزیکەی 4000 هەزار کەسە.
 
حەوت زانکۆ بەشی پزیشکیی گشتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە و ساڵی رابردوو، 778 کەس لێیان دەرچوون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە