پڕۆگرامێک لەچەند چرکەیەکدا نەخۆشیەکانی دڵ دەستنیشان دەکات
41 خولەک پێش ئێستا
24 جار خوێنراوەتەوە
ئامرازێکی نوێی پزیشکی لە ڕێگەی هێڵکاریی دڵەوە، بە چەند چرکەیەک نەخۆشییەکانی دڵ دەستنیشان دەکات و کۆتایی بە چاوەڕوانیی درێژخایەنی نەخۆشان دەهێنێت.
پسپۆڕانی تەندروستی ڕایدەگەیەنن، پڕۆگرامێکی نوێی کۆمپیتەری کە دەتوانێت لە چەند چرکەیەکدا نەخۆشییەکانی دڵ دەستنیشان بکات، دەکرێت ئاراستەی چارەسەرکردن بۆ ملیۆنان کەس بگۆڕێت. ئەم ئامرازە لەلایەن زانکۆی ئیمپریال کۆلێجی لەندەنەوە پەرەی پێدراوە.
ئەم پڕۆگرامە نوێیە پشکنینەکانی هێڵکاریی دڵ (ECG) بە شێوەیەک دەخوێنێتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو زانیارییانەی کە تەنانەت شارەزاترین پزیشکەکانی دڵیش ناتوانن بیانبینن. لە تاقیکردنەوەیەکدا کە لەسەر 67 هەزار نەخۆش ئەنجامدراوە، ئامرازەکە توانیویەتی بە ڕێژەی ٪81 حاڵەتەکانی سستبوونی دڵ و بە ڕێژەی ٪90 کێشەکانی زمانەی دڵ بە دروستی دەستنیشان بکات.
لە ڕابردوودا پزیشکان بۆ دەرخستنی نیشانەکانی نەخۆشیی دڵ، ناچاربوون پشکنینی (ئیکۆ) بۆ نەخۆشەکان بکەن کە زۆرجار چەندین مانگ چاوەڕوانیی دەویست و کاتێکی زێڕین لەدەست دەچوو.
دکتۆر ئاروناشیس ساو لە زانکۆی ئیمپریال دەڵێت: ئێمە هەوڵمان دا شتێکی سەروو توانای مرۆڤ بکەین کە هیچ پزیشکێک، با زۆر شارەزاش بێت، نەتوانێت بیکات. ئەنجامی ئەم داهێنانەش لە کۆنگرەی ساڵانەی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ لە میونشنی ئەڵمانیا خرایەڕوو.
پشکنینی هێڵکاریی دڵ (ECG) کە تەنیا 10 چرکە دەخایەنێت، پێشتر تەنیا بۆ زانینی لێدانی نائاسایی و جەڵتەی دڵ بەکاردەهات، بەڵام پرۆفیسۆر فو سیۆنگ نگ پێیوایە بەمزووانە دەبێتە یەکێک لە پشکنینە هەرە گرنگەکانی پزیشکی. هاوکات د. سۆنیا بابو-نارایان لە دامەزراوەی دڵی بەریتانی جەخت دەکاتەوە کە لە نەخۆشییەکانی دڵدا، دەستنیشانکردن و چارەسەری پێشوەختە ژیان ڕزگار دەکات.
|