خەوتن لە ژوورێکی رووناکدا مەترسیەکانی چین؟
56 خولەک پێش ئێستا
30 جار خوێنراوەتەوە
کۆمەڵەیەکی پزیشکانی نەخۆشییەکانی دڵ ئاشکرای دەکات، مانەوەی چرا یان رووناکی لەکاتی خەودا تەنیا خەوت تێکنادات، بەڵکو شێوەی دڵ دەگۆڕێت و ماسوولکەکانی لاواز دەکات.
توێژینەوەیەکی کۆمەڵەی ئەورووپیی دڵ دەریدەخات، خەوتن لە ژینگەی پڕ رووناکیدا دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستمی نیوخۆیی جەستە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر لێدانی دڵ دەبێت.
کۆمەڵەکە لە توێژینەوەیەکدا پشکنینی بۆ نزیکەی 11 هەزار کەس کردووە. ئەم کەسانە بۆ ماوەی حەوت رۆژ ئامێرێکی بچووکی پێوانەکردنی رووناکییان لە دەستدا بەستبوو و دواتر پشکنینی پێشکەوتووی تیشکی دڵ (MRI) بۆ هەموویان کرابوو.
پڕۆفیسۆر د. لوو چی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و سەرپەرشتیاری توێژینەوە لە زانکۆی تۆلەین لە ئەمریکا دەڵێت ''ئەو کەسانەی لەکاتی خەودا رووناکییەکی زۆر لە ژوورەکەیان هەبووە، دیواری دڵیان ئەستوورتر بووە و دڵیان بە سەختی کاری کردووە، ئەمەش مانای وایە دڵ ماندوو دەبێت و لە داهاتوودا تووشی سستبوون و کێشەی گەورە دەبێت''.
بەگوێرەی پسپۆڕانی کۆمەڵەی ئەورووپیی دڵ، بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ:
- پێویستە لە ژوورێکی تەواو تاریکدا بخەویت.
- دەبێت شاشەی مۆبایل و تەلەڤزیۆن لە کاتی خەودا لە نزیک جێگەی نووستنەوە دووربخرێنەوە بۆ ئەوەی رووناکیان لێ دەرنەچێت.
هاوکات ماڵپەڕی هێڵسی لاینی بەریتانی بە پشت بەستن بە چەند توێژینەوەیەکی زانستی ئەوەیان ئاشکراکردووە کە نوستن لەژێر روناکی گڵۆپدا چەندین مەترسی هەیە لەوانەش:
یەکەم: دەکرێت ببیتە هۆی نەزۆکی، توێژەران توێژینەوەیان لەسەر چەند مشکێک ئەنجامداوە و بۆیان دەرکەوتووە ئەو مشکە مێینانەی لەژێر رووناکیدا خەوتوون ڕێژەی نەزۆکی تیایاندا زیاتر بووە بەراورد بەوانەی لە تاریکیدا خەوتوون.
دووەم: بەرزبوونەوەی ئەگەرەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، کاتێک لەژێر روناکیدا دەخەویت ڕێژەی بەرهەمی میلاتۆنین دادەبەزێت و ڕێژەی فشاری خوین بەرزدەبێتەوە.
سێیەم: زۆربوونی کێشی جەستە یەکێکی دیکەیە لە نیشانەکان، چونکە خەوتن لەژێر روناکیدا هۆکارێکە بۆ مێتابۆڵیزمی خاوتر(کرداری زیندەپاڵ)، ئەوەش مەترسییەکانی قەڵەوی زیاددەکات، توێژەران باسیان لەوەکردووە کە ٤٣ هەزار ژنیان خستووەتە ژێر توێژینەوەوە و بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی بەدیار تەلەڤزیۆنەکانەوە خەویان لێ کەوتووە زیاتر قەڵەوبوون وەک لەوانەی دیکە.
چوارەم: کاریگەری دەبێت لەسەر گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکاندا، تەنانەت یەک سەرچاوەی روناکی بچووک دەبێتە هۆکارێک بۆ گۆڕانکاری لەهۆڕمۆنەکاندا، خەوی پچڕ پچڕ و ژێر سەرچاوەی روناکی دەبێتە هۆکار بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنی دەرکەوتنی پیری و کەم بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنی دژەپیری.
پێنجەم: دەبێتە هۆی توشبوون بە خەمۆکی و نیشانەکانی زیاتر دەکات، توێژەران ئاماژە بەوەدەکەن کە روناکی زەرد کەمتر زیانی هەیە بەراورد بە شین و سپی چونکە مرۆڤ کەمتر هەستیارە بە شەپۆلە روناکییە سورەکان.
|