ناڕێکیی خەو چی لە جەستەی مرۆڤ دەکات؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
17 جار خوێنراوەتەوە
بەگوێرەی توێژینەوەیەكی نوێی زانكۆی كۆڵۆمبیا لە ئەمریكا، كەمخەوی یان خەوتنی زۆر كاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی جەستە هەیە و پڕۆسەی پیربوونی خانەكان خێراتر دەكات.
توێژەرانی زانكۆی كۆڵۆمبیا دەڵێن، خەو تەنیا بۆ پشوودانی مێشك نییە، بەڵكو هۆکارێکی سەرەكییە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی خانەكان و تەندروستیی گشتیی ئەندامەكانی جەستە.
توێژینەوەكە، كە لە گۆڤاری زانستیی (Nature) بڵاو كراوەتەوە، ئاماژەی بەوە كردووە كە خەوی رۆژانە لەنێوان 6 بۆ 8 كاژێر باشترین هاوسەنگی بۆ تەندروستیی خانەكان دروستدەكات و تەمەنی بایۆلۆژیی جەستە دەپارێزێت.
هەروەها لە توێژینەوەکەدا هاتووە، تێكچوونی خشتەی خەو، گوشارێکی بەردەوام لەسەر مێشك، دڵ و سیستمی بەرگری دروستدەكات و وادەكات خانەكان زووتر پیر ببن، گرنگیدان بە کواڵیتی و بڕی خەوی رۆژانە، یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی خۆپارێزی لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان.
بەگوێرەی مایۆکلینیک شەش رێگە دەبنەهۆی باشترکردنی خەو:
1. پێویستە نیکۆتین و کافایین، ژەمی قورس پێش خەوتن نەخورێن.
2. ژوورێکی سارد، تاریک و بەکارنەهێنانی شاشە پێش خەوتن، کوالێتیی خەو باش دەکەن.
3. خەوتن لەماوەی رۆژدا کەمتر لە یەک کاژێر بێت.
4. رۆژانە وەرزش و جووڵەی بەردەوام هەبێت.
5. گوشار و دڵەڕاوکێ کەمبکرێنەوە.
6. کاتەکانی خەوتن و لەخەوهەستان دیاربێت.
شکار رێبوار
|