برنج یان پەتاتە، کامیان بۆ نەخۆشانی شەکرە باشترە؟

1     کاتژمێر پێش ئێستا  51 جار خوێنراوەتەوە

زۆرێک لە نەخۆشانی شەکرە پێیان وایە پەتاتە زیاتر لە برنج ئاستی شەکر لە خوێندا بەرز دەکاتەوە، لەکاتێکدا هەندێکی تر پێیان وایە برنج بژاردەیەکی خراپترە، بەڵام شارەزایانی خۆراک جەخت دەکەنەوە کە وەڵامەکە بەو سادەییە نییە، چونکە کاریگەری هەر یەکێکیان بەستراوەتەوە بە جۆری خۆراکەکە و شێوازی ئامادەکردنی و بڕی بەکارهێنراو.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "Prevention"، پەتاتە و برنج دەتوانن بەشێک بن لە سیستەمی خۆراکی نەخۆشانی شەکرە، بەڵام شێوازی کوڵاندن و جۆری نیشاستە ڕۆڵێکی گەورەتر دەگێڕن وەک لە تەنها هەڵبژاردنی یەکێکیان.

ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە کە پەتاتەی شیرین باشترین بژاردەیە لە نێوان جۆرە جیاوازەکاندا کاتێک باس لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی شەکر لە خوێندا دەکرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زیاتر لە ڕیشاڵی تواوەی تێدایە، هەروەها دوای کوڵاندن و ساردکردنەوەی ڕێژەیەکی بەرزی "نیشاستەی بەرگریکار"ـی تێدا دروست دەبێت، کە یارمەتی هێواشکردنەوەی هەڵمژینی گلوکۆز دەدات و هەستیاری جەستە بۆ ئەنسۆلین باشتر دەکات.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە جۆرەکانی برنج لە کاریگەرییان لەسەر ئاستی شەکر وەک یەک نین، برنجی قاوەیی، ڕەش، سوور ڕێژەیەکی زیاتر لە ڕیشاڵیان تێدایە بەراورد بە برنجی سپی، ئەمەش یارمەتی هێواشکردنەوەی پرۆسەی هەرسی خۆراک و کەمکردنەوەی بەرزبوونەوەی خێرای گلوکۆز دوای ژەمەکە دەدات.

هەروەها شارەزایان ڕوونیان کردووەتەوە کە ساردکردنەوەی برنج دوای کوڵاندنی و دواتر خواردنی یان گەرمکردنەوەی، دەبێتە هۆی دروستبوونی "نیشاستەی بەرگریکار"، کە جۆرێکە لە نیشاستە بە تەواوی لە ڕیخۆڵە باریکەدا هەرس نابێت و بە شێوەیەکی هاوشێوەی ڕیشاڵەکان کار دەکات، ئەمەش ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی وەڵامدانەوەی جەستە بۆ ئەنسۆلین و کەمکردنەوەی بەرزبوونەوەی شەکر دوای خواردن.

ڕاپۆرتەکە جەختی کردووەتەوە کە پەتاتە بۆ نەخۆشانی شەکرە قەدەغەکراو نییە، بەڵام کاتێک بەسوودتر دەبێت کە بە کوڵاوی یان برژاوی بە توێکڵەوە ئامادە بکرێت، دواتر پێش خواردن بۆ ماوەیەک جێبهێڵدرێت تا سارد دەبێتەوە، چونکە ئەم شێوازە بڕی نیشاستەی بەرگریکار زیاد دەکات و کاریگەرییەکەی لەسەر ئاستی شەکر لە خوێندا کەم دەکاتەوە. هەروەها ئامۆژگاری دەکرێت کە خۆت لە پەتاتەی سوورکراوە بەدوور بگیرێت بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆر چەوری و کالۆری تێدایە.

خواردنی برنج یان پەتاتە بە تەنها ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێراتری ئاستی شەکر، لەکاتێکدا خواردنیان لەگەڵ سەرچاوەیەکی پرۆتین وەک مریشک یان ماسی یان پاقلەمەنییەکان، لەگەڵ سەوزەی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵ و چەورییە تەندروستەکان، یارمەتی هێواشکردنەوەی هەڵمژینی گلوکۆز دەدات و سەقامگیری ئاستی شەکر دوای ژەمەکە باشتر دەکات.

هەروەها شارەزایان جەختیان لەسەر گرنگیی کۆنتڕۆڵکردنی قەبارەی ژەمە خۆراکییەکە کردووەتەوە، چونکە زۆر خواردنی هەر جۆرێکی نیشاستە ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر، تەنانەت ئەگەر لە جۆرە تەندروستەکانیش بن.

دواجار بۆ ئەو نەخۆشیانە نابێت بە بێ سەردانیکردنی پزیشکی پسپۆڕ هیچ هەنگاو و چارەسەرێک بەکاربێت..


   ئەمانەش بخوێنەرەوە