جەڵتەی مێشکی بچووک چۆن ڕوودەدات؟

3   کاتژمێر پێش ئێستا  28 جار خوێنراوەتەوە

“جەڵتەی مێشکی بچووک” نیشانەکان پشتگوێ مەخەن وەک وەڕس بوونێکی کاتی مەیبینن.

پزیشکان هۆشداری دەدەن لە مەترسیی ئەوەی کە بە “جەڵتەی مێشکی بچووک” (Mini-Stroke) ناسراوە و جەخت دەکەنەوە کە ئەمە ئاماژەیەکی پێشوەختەیە بۆ ئەگەری ڕوودانی جەڵتەی مێشکی تەواو. زۆرێک لە خەڵکی بەهۆی کاتیبوونی نیشانەکانەوە، وەک “وەڕس بوونێکی کاتی” دەیبینن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە بارودۆخێکی کتوپڕی پزیشکییە.

نیشانەکان چین و بۆچی کاتیین؟

نیشانەکانی ئەم جەڵتەیە بریتین لە:

دابەزینی لایەکی دەموچاو و لاوازی یان ئیفلیجی قۆڵ.

سەختی لە قسەکردن و تێکچوونی بینین.

گێژخواردن، نەمانی هاوسەنگی و دڵتێکهەڵاتن.

ئەم نیشانانە زۆربەی کات لە چەند خولەکێکدا نامێنن، ئەمەش وادەکات نەخۆش پشتگوێی بخات. پزیشکان دەڵێن ئەمە بەهۆی کەمبوونەوەی کاتیی خوێن و ئۆکسجین بۆ مێشک ڕوودەدات، کە وەک “نۆرەی دڵ بۆ مێشک” وەسف دەکرێت. جیاوازی سەرەکیشی لەگەڵ جەڵتەی تەواو ئەوەیە کە نیشانەکانی لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا نامێنن.

یاسای (BE FAST) بۆ ناسینەوەی خێرا:

پزیشکان پشت بە یاسای BE FAST دەبەستن بۆ ناسینەوەی نیشانەکان:

Balance (هاوسەنگی)، Eyes (چاوەکان)، Face (دەموچاو)، Arms (قۆڵەکان)، Speech (قسەکردن)، Time (کات).

کێ لەژێر مەترسیدایە؟

هەرچەندە زۆربەی تووشبووان تەمەنیان لە سەروو ٥٠ ساڵییەوەیە، بەڵام گەنجانی تەمەن ٢٠ ساڵانیش پارێزراو نین، بەتایبەت ئەوانەی کە:

کێشەی زگماکی دڵ یان تێکچوونی لێدانی دڵیان هەیە.

فشاری خوێن و کۆلیستڕۆڵیان بەرزە.

خواردنی ناتەندروست و پڕ خوێ دەخۆن و چالاکیی جەستەییان کەمە.

ڕێکارەکان و خۆپارێزی

پزیشکان ڕێنمایی دەدەن کە لە کاتی هەستکردن بەم نیشانانە، دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانە بکرێت. زۆربەی کات دەرمانی وەک “ئەسپرین” دەدرێت بە نەخۆش بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی مەیینی خوێن (جلتە).

گرنگترین ڕێگاکانی خۆپارێزی:

١. پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکی تەندروست.

٢. وەرزشکردنی بەردەوام.

٣. وازهێنان لە جگەرەکێشان و کەمکردنەوەی کحول.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە