چەند زانیارییەك لەبارەی وەستانی هەناسە لە خەودا
19 کاتژمێر پێش ئێستا
251 جار خوێنراوەتەوە
پزیشكێکی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی و نەشتەرگەری قورگ و لووت دەڵێت، وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا کێشەیەکی مەترسیدارە، کە تێایدا هەناسە بۆ چەند جارێکی یەک لە دوای یەکدا دەوەستێت و دەستپێدەکاتەوە، دەشڵیت، ئەگەر كەسێك بە بەرزی بپرخێنێت و دوای خەوێكی زۆر هەستی بە ماندوێیتی كرد ئەوا پێدەچێت هۆكارەكەی وەستانی هەناسە بێت لەكاتی خەودا.
د. دیلان عارف پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی و نەشتەرگەری قورگ و لووت گوێ لە نووسینێكدا ئاماژە بە وەستانی هەناسە لە خەودا دەكات .
دەقی نوسینەكەی بەمجۆرەیە:-
وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا کێشەیەکی مەترسیدارە، کە تێایدا هەناسە بۆ چەند جارێکی یەک لە دوای یەکدا دەوەستێت و دەستپێدەکاتەوە.
ئەگەر كەسێك بە بەرزی بپرخێنێت و دوای خەوێكی زۆر هەستی بە ماندوێیتی كرد ئەوا پێدەچێت هۆكارەكەی وەستانی هەناسە بێت لەكاتی خەودا.
جۆرەکانی هەناسە وەستان لە کاتی خەودا ئەمانەن:-
یەكەم- هەناسە وەستان بەهۆی گیرانی ڕێڕەوی هەناسەوە، كە بەرباوترین جۆرە و هۆکارەکەی شلی و خاوی ماسولکەکانی قورگ و ڕێرەوی هەناسەیە.
دووەم- هەناسە وەستانی ناوەندی پەیوەندی بە مێشکەوە هەیە، كاتێك ڕوودەدات کاتێک مێشک سیگناڵی تەواو نانێرێت بۆ کونتڕۆڵی هەناسەدان.
سێیەم- کۆنیشانەی هەناسە وەستانی ئاڵۆز، ئەمەیان تێکەڵەی هەردوو جۆرەکەی سەرەوەيە.
نیشانەکانی ئەمانەن:-
پرخەیەکی بەرز
وەستانی هەناسەدان، کە یەکێکیتر دەیبینێت و هەستی پێدەکات
هەڵپەدان بۆ هەناسە لە کاتی خەودا
بەخەبەرهاتن بە دەمێکی وشکەوە
سەرئێشە لە بەیانیاندا
بەزەحمەتی خەولێکەتن
خەواڵووبوون لە ڕۆژدا
کەمبوونەوی هۆشیاری (تەرکیز) لە ڕۆژدا
مەرج نییە هەموو هەناسە وەستانێک پرخەی لەگەڵدا بێت
هۆکارەکان ئەمانەن:-
وەستانی هەناسەدان بەهۆی گیرانەوە:
خاوبوونەوی ماسولکەکانی پشتی زمان و مەڵاشوو و زمانە بچکۆلە
گەورەبوونی ئاڵووەکان
وەستانی هەناسەدانی ناوەندی:
ڕوودەدات بەهۆی نەتوانینی مێشکەوە بۆ ناردنی سیگناڵی پێویست بۆ ڕێکخستنی کاری هەناسەدان
هۆکارە یاریدەدەرەکان چین؟
قەڵەوی
کورتی مل
گەورەبوونی ئاڵووەکان بە تایبەت لە منداڵدا
ڕەگەزی نێر دوو بۆ سێ هێندە لە ئافرەت زیاترە
ڕەگەزی مێینە لە دوای نەمانی سووڕی مانگانەدا
بەساڵا چوون واتا پیری
بوونی کەسێکی تر لە خێزاندا واتا بوونی مێژووی خێزانی هەناسە وەستان
بەکارهێنانی ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکان و هەندێک دەرمان
جگەرە کێشان و هاوشێوەکانی سێ هێندە چانسیان زیاترە
لووت گیران بە هۆی هەستیاریی یان هەوکردن یان خواری کۆڵەکەی لووت
هەندێک نەخۆشی وەک هەڵاوسانی دڵ، بەرزی فشاری خوێن، شەکرەی جۆری دووەم، نەخۆشی پارکینسۆن، هەمە کیسی هێلکەدان، نەخۆشییە هۆرمۆنێکان، جەڵتەی کۆنی مێشک، ڕەبوو
وەستانی هەناسەدانی ناوەندی:
هۆکارەکان لەم جۆرەدا دەگەڕێتەوە بۆ پیری، رەگەزی نێر، نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک و بەکارهێنانی هەندێک لە ئازار شکێنەکان
ماکەکان:
لەش داهێزان ، هیلاکبوون، خەواڵووبووون، بەرزبوونەوی فشاری خوێن و هەندێک نەخۆشی دڵ،
شەکرەی جۆری دووەم،
پەدابوونی هەندێک گرفت لە دوای نەشتەرگەریە گەورەکان، بەرزبوونەوەی ئەزمایشەکانی جگەر،
هەندێک جار دروستبوونی کێشەی خێزانی بە تایبەت بۆ هاوژینەکان
دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە:
پزیشک هەڵدەستێت بە گوێگرتن لە ناڕەحەتێکانی نەخۆشەکە پاشان فەحس کردنی پاشان کردنی چەندی ئەزمایشتێکی پێویست. وەک بەستنی ئامێرێکی تایبەت بۆ ڕیکۆردکردنی کەڕتەکانی هەناسە وەستان و شێوازەکەی و پێوانەی ڕێژەی ئۆکسجین و کارکردنی دڵ و سی.
چارەسەر:
چارەسەر ئاڕاستەی هۆکاری گرفتەکە ئەکرێت وەک:
ڕێککردنەوەی کۆڵەکەی لووت و چارەسەر کردنی کێشەکانی لووت و قورگ
بەکارهێنانی ئامێری CPAP
دانانی قاڵبی شەویلگە و ددان
پێدانی ئۆکسجین
نەشتەرگەری بۆ تووندکردنەوەی مەڵاشوو و ماسوولکەکان
نەشتەرگەری لابردنی ڕێگرەکان
|