حزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی خەریکی چین؟ بۆچی ناتوانن ڕێککەون؟

2025-05-09  189 جار خوێنراوەتەوە

رۆژ بە رۆژ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیک دەبینەوە ئەو وادەیەش کە کۆمسیۆن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی دیاریکردووە بەرەو کۆتا دەڕوات دیار نیە هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی پلانیان بۆ هەڵبژاردنەکە چیە؟

بە درێژای مێژوویی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی بەردەوام چەند هێزێک خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن ناساندووە و گەندەڵی و فەسادی ئیداری حوکمڕانییەکەی ئەو دوو حیزبەیان خستوەتەڕوو.

بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە لە بەرەیەکی یەکگرتوو و تۆکمەدا بەرانبەر ئەم دوو حیزبە بوەستنەوە و لە خاڵێکدا رایانبگرن.

بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەیەک هێزی نوێ پەیدا بوون کە نوێنەریان لەناو پەرلەمان هەیە.

پەرش و بڵاویی ئەم هێزانە وایکردووە، نەک هەر کاریگەرییان نەبێت بەڵکو پرسیاری جددیان لەسەر دروست بێت گومانی ئەوە ببرێت کە ژێر بە ژێر لەگەڵ پارتی و یەکێتدا خۆیان ساخ کردووەتەوە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وا بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنەکان ئەو هێزانەی کە دەنگی کەمیان هەیە ناتوانن بگەنە پەرلەمان بەوەش دەنگەکانیان دەفەوتێت.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکان ئێستا هەوڵێک هەیە تا تەواوی ئەم هێزانە لە بەرەیەکدا دژ بە بەرەی پارتی و یەکێتی کۆ بنەوە لە بەرانبەریشدا پارتی و یەکێتی لە گفتوگۆدان تا بە هاوبەشی بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن.

بە بڕوای شارەزایان دۆخی خراپی خەڵک و قەیرانی بەردەوامی ئابووری و سیاسی گەیشتوەتە ئاستێک کە ئارام گرتنی خەڵک بەرانبەری پێویستە کۆتایی بێت و گۆڕانکارییەکی جددی بهێنرێتە ئاراوە.

خەڵکی کوردستان رۆژانە شاهیدی بە قاچاخ فرۆشتنی نەوتەکەیەتی کەچی دیار نیە داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی کام دەستڕۆیشتوەوە بۆ سەری مانگیش مووچەی مووچەخۆرەکانی دوادەکەوێت یان هەر نادرێت.

بە بڕوای شارەزایان ئەوەی وایکردووە پارتی و یەکێتی بتوانن درێژە بە مانەوەیان لە دەسەڵات بدەن، بێدەنگی خەڵک و ئەو هیزە بە ناو ئۆپۆزسیۆنانەیە کە خۆیان لە بەرگی ئۆپۆزسیۆنێکی ساختەدا شاردووەتەوە.

لەلایەک متمانەی خەڵکیان بەرانبەر بە جوڵانەوەکان نەهێشتوە لەلایەکی تریش وەک دوکانێکی سیاسی بازرگانی بە دەنگی خەڵکەوە دەکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە