کلیلی چارەسەری بنەڕەتی کێشەی مووچەخۆران، بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیە

58   خولەک پێش ئێستا  196 جار خوێنراوەتەوە

کلیلی چارەسەری بنەڕەتی کێشەی مووچەخۆران، بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیە تایبەت بە مووچەی هەرێم کە پێویستە وەک خۆی لە ناو یاسای بودجەی فیدڕاڵ جێگیر بکرێت 

بە گوێرەی ماددەی (٩٤)ی دەستووری عێراق، بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (٢٢٤ و یەکخراوەکەی ٢٦٩/اتحادية/٢٠٢٣) کە لە ٢١ـی شوباتی ٢٠٢٤ دەرچووە، کۆتایی و پابەندکارە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان، لەوانە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی، ئەنجومەنی وەزیران.

تەنانەت ئەنجومەنی نوێنەرانیش؛ بۆیان نیە هیچ ماددە و بڕگەیەک لە یاسای بودجەی فیدڕاڵ دابڕێژن دژ بە ناوەڕۆک و حوکمەکانی ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بێت، بە تایبەتی مەرجی ناڕەوای وابەستکردنی خەرجکردنی مووچەی هەرێم بە پێوەری ئینفاقی فیعلی، و بڕین لە تەمویلی مووچە لە کاتی ناکۆکی لە نێوان هەردوو حکومەت، و نایەکسانی لە نێوان مووچەخۆرانی هەرێم و فیدڕاڵی، لە کاتێکدا مووچە پشکی حکومەت نیە بەڵکو استحقاقی قانونی مووچەخۆرە لە بەرامبەر ئەدائی وەزیفەکەی و دەبێت پارێزراو بێت لە ناکۆکیە دارایی و سیاسیەکان. 

لەبەر ئەوە، لە داڕشتنی دەقە پەیوەندیدارەکانی بودجەی ٢٠٢٧دا، بە تایبەتی ئەو دەقانەی پەیوەندییان بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، پێویستە ناوەڕۆک و حوکمەکانی ئەم بڕیارە بنەمای یاسایی و دەستووری بن و هەر دەقێک کە پێچەوانەی ئەو بڕیارە بێت، ناڕەوا و نادەستوورییە.

ئەرکی نوێنەران و کوتلە کوردستانییەکانیشە کە پارێزگاری لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بکەن و ڕێگە نەدەن هیچ دەقێکی یاسایی لە بودجەدا دابڕێژرێت کە لەگەڵ ناوەڕۆک و حوکمەکانی ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵیی ناکۆک بێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر شێواز و مەرج و میکانیزمی تەرخانکردنی خەرجییەکانی مووچەی هەرێم لە ساڵی ۲٠۲۷ بە هەمان کۆت و بەندەکانی ماددەکانی ۱۱ـ۱۲ـ۱۳ ی یاساکانی بوودجەی ساڵانی پێشووبێت ئەوا کێشەکان بەردەوام دەبن. 

بۆ ئاسانکاریی و بەرچاوڕوونی لە خوارەوە، دەقی عەرەبیی ڕەسەنی ئەو بەشانەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە مووچە و مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەبێ هیچ دەستکاری، ڕاڤە یان کۆمێنتێک دەخەمەڕوو؛ دواتریش وەرگێڕانی کوردیی هەمان دەقەکان بە جیا دەخەمە بەردەست بە هیوام بەهەوڵی هەموو لایەک جێگیریان بکەین لە ناو یاسای بوودجە. 

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

یەکەم: دەقی عەرەبیی ڕەسەنی بڕیارەکە

١. یەکسانی لە مامەڵەکردن — لاپەڕە (٤)

«يقتضي معاملة جميع الموظفين، والمتقاعدين، ومستفيدي شبكة الحماية الاجتماعية، وجميع منتسبي دوائر الدولة مدنيين، وعسكريين في إقليم كوردستان معاملة واحدة مع أقرانهم لدى الجهات والمؤسسات الحكومية التابعة للحكومة الاتحادية.» 

٢. دادپەروەری و لابردنی هەموو بەربەست و بیانووەکان — لاپەڕە (٤)

«وجوب تحقيق العدالة بين المواطنين كافة، لا سيما فيما يتعلق برواتب الإقليم، وتسخير الإمكانيات كافة لدى الحكومة الاتحادية، ولدى حكومة الإقليم لتنفيذ ذلك، وتذليل جميع المعوقات وعدم خلق الأعذار التي تعرقل أو تؤخر ذلك.» 

٣. دواخستن یان کەمکردنەوەی مووچە پێشێلکردنی مافەکانە — لاپەڕە (٤)

«إن الواجب الإنساني والأخلاقي والوطني يستوجب تظافر كل الجهود من أجل معالجة عدم تسلّم الرواتب الشهرية في موعدها المحدد وإن تأخير تسلّم الرواتب أو اجتزائها مثلما يحصل في الإقليم حالياً يمثل انتهاكاً للحقوق ويخالف أحكام المادة (30/أولاً) من الدستور.» 

٤. نایەکسانی لە بڕی مووچە و کاتی شایستەبوون — لاپەڕە (٧)

«إن عدم المساواة بين أفراد الشعب الواحد بمقدار الراتب ضمن الفئة المتماثلة وظيفياً وبمواعيد استحقاقها يخالف كل تلك القيم.»

٥. ناکۆکی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم نابێتە هۆکاری نەگەیشتنی مووچە — لاپەڕە (١١)، بڕگەی «سادساً»

«إن الخلاف بين الحكومة الاتحادية وحكومة الإقليم حول تنفيذ مواد قانون الموازنة العامة الاتحادية لجمهورية العراق رقم (13) لسنة 2023، لا سيما المادتين (12 و13) منه، حيث أوجبت المادة (12/ثانياً/هـ) بأن تلتزم وزارة المالية الاتحادية بتمويل مستحقات الإقليم بموجب أحكام قانون الموازنة شهرياً بعد قيام الإقليم بتنفيذ الفقرات (أ، ب، ج، د) من نفس المادة، يجب أن لا يكون هو السبب الرئيس في عدم استلام الموظفين والمتقاعدين ومستفيدي شبكة الحماية الاجتماعية في الإقليم لرواتبهم الشهرية في موعدها المحدد.»

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

دووەم: وەرگێڕانی کوردیی دەقەکان

١. یەکسانی لە مامەڵەکردن — لاپەڕە (٤)

پێویستە مامەڵەی یەکسان لەگەڵ سەرجەم فەرمانبەران، خانەنشینان، سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و سەرجەم کارمەندانی دامەزراوەکانی دەوڵەت، چ مەدەنی و چ سەربازی، لە هەرێمی کوردستان بکرێت؛ بە هەمان شێوەی هاوتاکانیان لە دەزگا و دامەزراوە حکومییەکانی سەر بە حکومەتی فیدڕاڵی.

٢. دادپەروەری و لابردنی هەموو بەربەست و بیانووەکان — لاپەڕە (٤)

پێویستە دادپەروەری لە نێوان سەرجەم هاوڵاتیاندا جێبەجێ بکرێت، بە تایبەتی لە بابەتی مووچەکانی هەرێمدا؛ هەردوو حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێم هەموو تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ جێبەجێکردنی ئەمە و هەموو بەربەستەکان لاببەن و هیچ بیانوویەک دروست نەکرێت کە ببێتە هۆی پەکخستن یان دواخستنی جێبەجێکردن.

٣. دواخستن یان کەمکردنەوەی مووچە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانە — لاپەڕە (٤)

ئەرکی مرۆیی، ئەخلاقی و نیشتمانی پێویست دەکات هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ چارەسەرکردنی نەگەیشتنی مووچەی مانگانە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا؛ دواخستنی مووچە یان کەمکردنەوەی، وەک ئەوەی لە هەرێم ڕوودەدات، پێشێلکردنی مافەکانە و دژ بە حوکمەکانی ماددەی (٣٠/یەکەم)ی دەستوورە.

٤. ڕەتکردنەوەی نایەکسانی لە بڕی مووچە و کاتی شایستەبوون — لاپەڕە (٧)

نایەکسانی لە نێوان تاکەکانی یەک گەلدا، لە بڕی مووچەی ئەو کەسانەی لە ڕووی پلە و پۆستی کارەوە هاوشێوەن و هەروەها لە کاتی شایستەبوونی مووچەکانیاندا، دژ بە هەموو ئەو بەها و بنەمایانەیە.

٥. ناکۆکی نێوان هەردوو حکومەت نابێتە هۆکاری سەرەکیی نەگەیشتنی مووچە — لاپەڕە (١١)

ناکۆکی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێکردنی ماددەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی کۆماری عێراق ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣، بە تایبەتی ماددەکانی (١٢ و ١٣)، نابێت ببێتە هۆکاری سەرەکیی نەگەیشتنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران، خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەرێم لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

سەرچاوە:
بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (٢٢٤ و یەکخراوەکەی ٢٦٩/اتحادية/٢٠٢٣)، لە ٢١/٢/٢٠٢٤، بڵاوکراوەتەوە لە الوقائع العراقية، ژمارە (٤٧٦٤) له ١١-٣–٢٠٢٤.

https://www.moj.gov.iq/upload/pdf/4764_953.pdf

ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم نوسیویەتی..


   ئەمانەش بخوێنەرەوە