پلانێکی گرنگ و نهێنی ئەمریکا بۆ عێراق ئاشکرا دەبێت

10   کاتژمێر پێش ئێستا  307 جار خوێنراوەتەوە

ئەمریکا بەوردی چاودیری دۆخی عێراق و هەڵبژاردنەکان دەکات جارێکی دیکە هۆشداری توند دەداتە عێراق و داوای هەڵوەشاندنەوەی گرووپەچەکدارەکانی حەشدی شەعبی دەکات هاوکات لەهەنگاوێکی دیکەو زۆر نهێنیدا داوای لە بەرپرسانی بەغدا کردووە نزیکەی هەشت پۆستی گرنگ و باڵای داهاتووی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە هێڵی سوورن و واشنتن خۆی یەکلایان دەکاتەوە

نەسیر العوام  رۆژنامەنوسێکی دیار و بەناوبانگی عێراقە چەند زانیارییەکی هەستیار و نهێنی لەبارەی داهاتووی عێراقەوە بڵاوکردۆتەوە و رایدەگەیەنێت، واشنتۆن هەندێك لە سەركردەكانی عێراقی ئاگادار كردووەتەوە، ئەوانەی خواستیان هەیە مامەڵەیان لەگەڵ بكەن، كورد و سوننەو شیعە، بەوەی نزیك نەبنەوە لە حەوت بۆ هەشت پۆستی گرنگ لە حكومەتی داهاتوودا و جەختیان لەوەکردۆتەوە تەنها لە نێوان ئەمریكاو عێراق ئەو پۆستانە یەكلایی دەكرێنەوەو هیچ كەسى دیکە ناتوانێت دەستوەردانی تیادا بکات.

زانیارییە دزە پێکراوەکان ئاماژەیان بە پۆستەکان کردووە ئەوانیش بريتن لە: سەرۆك كۆمار، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری و نەوت و دارایی و بانكی ناوەندیی، کە ئەمریکا هێڵی سوری لەسەر داناون

هاوکات مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، جەختی لەوە کردەوە، ئەمریکاو ئیدارەی ترەمپ پشتگیری لە حکوومەتێكی سەربەخۆ لە عێراق دەکەن و ئاماژەی بەوەشکرد نەهێشتنی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و نزیک لە ئێران کاری لەپێشینەیان دەبێت.

 مارک ساڤایا، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا وەک نێردەی تایبەتی خۆی بۆ عێراق دیاری کرا رایگەیاندووە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق هەستیارەو، لەگەڵ هەموو لایەنەکانی نێو ئەو وڵاتە کار دەکەین بۆ ئەوەی عێراق ببێتە هاوبەشێکی ڕاستەقینەی ئەمریکا.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، هەنگاوی لەپێشینەیان لە عێراق و لەپلان و کارنامەکانیاندا، نەهێشتنی گرووپە چەکـدارە لە یاسا دەرچووەکانن و پێویستە هەڵوەشێندرێنەوە.

پیشتریش چەند جاریك مارک رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە محەمەد شیاع سودانی ڕاگەیاندووە پێویستە گرووپەچەکدارەکانی حەشدی شەعبی و نزیک لە ئێران بە تەواوی هەڵوەشیندرێنەوە بەڵام ئەو گرووپانە داواکەی ئەمریکا و سودانی رەت دەکەنەوەو چاوەڕێ دەکرێت ئەنجامێکی خراپی لێ بکەوێتەوەو بکەونە بەر هێرشی ئاسمانی ئەمریکا و تەنانەت ئیسرائیلیش.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە