رێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا بۆ مووچە چی بەسەر هات؟

21   کاتژمێر پێش ئێستا  345 جار خوێنراوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای رێککەوتنێک مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی رەوانە کرد بەڵام تا ئێستا رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجی نەکراوە.

 میدیای پارتی دیموکرات بانگەشەی ئەوە دەکات عێراق کێشەی نوێی بۆ رێککەوتنەکەی لەگەڵ هەرێم دروستکردووە بەوەش دیار نیە کەی مووچەی مانگی شەش رەوانە دەکرێت.

بە گوێرەی میدیای پارتی سودانی لە چەند کۆبوونەوەیەکی سیاسیدا باسی لەوەکردووە رێککەوتنەکە تەنیا بۆمانگێک بووە و ئێستا پاشگەز بووەتەوە.

رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا لە دوو خاڵی سەرەکی پێکهاتووە ئەویش رادەستکردنی ٢٨٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی مانگانەیە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ١٢٠ ملیار دینارەکەی رەوانەی بەغدا کرد و لە بەرانبەریشدا حکوومەتی فیدراڵ مووچەی مانگی پێنجی رەوانە کرد.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لەسەر مووچەی مانگەکانی شەش و حەوت کۆبوویەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشانداوە لە رادەستکردنی ئەوبڕە نەوتەی کە لە بەردەستدایە بێ ئەوەی ئاماژە بە بڕەکەی بکات.

لەبارەی داهاتی نانەوتییەوە وتوویەتی، لیژنەکانی حکوومەتی هەرێم راسپێردراون تا لەسەر ئەو پرسە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە هێشتا هەرێمی کوردستان بڕوای بەوە نیە کە ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکات و چاوی لەوەیە ئەو بڕە کەم بکاتەوە.

هەرچەندە ماوەی زیاتر لە مانگێکە لیستی مووچەی مانگی شەش رەوانەی بەغدا کراوە بەڵام تا ئێستا لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕالەوە وردبینی بۆ لیستەکە نەکراوە ئەوەش بە مانای ئەوە دێت هیچ نیازێک نیە بەمزوانە مووچە رەوانە بکرێت.

بە گوێرەی لێکدانەوەی شارەزایان پێشبینی دەکرێت فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی مانگی پێنج دوای چەند مانگێکی دیکە مووچەی مانگی شەشیان وەربگرن ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەردوو حکوومەت نیازی جددیان لەچارەسەرکردنی کێشەکەدا نیە.

هەرێمی کوردستان توانای بەرهەم هێنانی نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل رۆژانەی نەوتی هەیە بە گوێرەی رێککەوتنەکەی لەگەڵ بەغدا پێویستە ٢٨٠ هەزار بەرمیلی رادەست بکات بەڵام بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بەرهەمهێنانی نەوتی کەمبۆتەوەو بەهۆیەوە رادەستکردنی نەوتی بە سۆمۆ راگرتووە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە