چەمچەماڵ تینویەتی و غەدری لێدەکرێت

5   کاتژمێر پێش ئێستا  330 جار خوێنراوەتەوە

تائێستا بەپێى ئەو بەڵگە دۆزراوانەى ئاماژە بۆ قۆناخى یەکەمى نیشتەجێبوونى مرۆڤ دەکەن، ناوچەى چەمچەماڵ لە رووى مێژووییەوە بە کۆنترین ناوچەى جیهان دادەنرێت کە مرۆڤایەتى لە سەردەمى راوەشکار و شوانکارەییەوە پێى ناوەتە ناو قۆناخى کشتوکاڵى و یەکەم وێستگەى نیشتەجێبوونى مرۆڤ لە (چەرمۆ)ەوە دەستیپێکردووە.
 
 هەروەها بەپێى ئاسەوار و بەڵگە مێژووییەکانى دیکەى ناوچەکە، پیریادى و بان موغان، ئاتەشگا و کڵێساى ئایینە کۆنەکان، دۆزینەوەى چەندین گۆڕستان کە بەشێوازى جیاواز لە نەریتى ئیسلام مردووەکان بە خاک سپێردراون، ئاماژەى بەردەوامیی ئاوەدانین لەم ناوچەیە و ئەوە دەسەلمێنن ناوچەى چەمچەماڵ بە بەردەوامى و لە هەموو سەردەمەکاندا ژیان تیایدا بەردەوام بووە. خودى شارەکەیش واتا چەمچەماڵ، ئەویش مێژوویەکى دێرینى هەیە، لە سەرچاوە کۆنەکاندا بە چەندین ناوى جیاواز، ناوى هاتووە. دەزگا متمانەپێکراوەکانى شوێنەوارى جیهانى، لە ئەنجامى کنەوپشکنینى زانستى، مێژووى قەڵاى چەمچەماڵ و ژیان تیایدا دەگێڕنەوە بۆ سەردەمى کۆتایى (کاشییەکان) و ئاشوورییەکان. (جیمس ریچ) یش پێش 200 ساڵ لەمەوبەر شەوێک لە چەمچەماڵ ماوەتەوە و لە گەشتنامەکەیدا ئەوەى تۆمارکردووە بەپێى ئەو بەڵگە و ئاسەوارانەى لە قەڵاکە بینیوێتى، مێژووەکەى دەباتەوە بۆ سەردەمى ساسانییەکان. 
 
واتا ئەو شارە لەڕووی مێژووییەوە بایەخێکى ئێجگار گەورەى هەیە بۆ کوردستان. لەڕووى سامانى سرووشتى و پێگەى ئابوورییەوە خاوەن زۆرترین یەدەگى نەوت و گازى سرووشتییە، ئێستا سەرچاوەى بەرهەمهێنانى کارەباى کوردستانە و بۆ داهاتووش دەبێتە سەرچاوەى سەرمایەیەکى گرنگ. لە رووى توانای مرۆیى و کولتووریى و کۆمەڵایەتییەوە، شارى پێگەیاندن و بەرهەمهێنانە. لە هەموو بوارەکانى ژیاندا دەیان کەسى تێدا هەڵکەوتووە کە خزمەتى گەورەیان بە کورد و کوردستان کردووە. لە فیداکاریى و خەبات بۆ ئازادى، لەپێشى پێشەوەى هەموو ناوچەکان بووە. لە بەرامبەر ئەو رۆڵ و پێگە مێژوویی، ئابووریى و کولتووریى و کۆمەڵایەتییەدا، شارێکە نەک بە ئەندازەى پێویست خزمەتنەکراوە، بەڵکو بەردەوام فەرامۆشکراوە و غەدریشى لێکراوە. کە ئەگەر زیندوویەتیی شارەکە خۆى نەبووایا، دەمێک بوو ببووە وێرانە.
 
یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانى ئەم شارە، سەرچاوەى ئاوى خواردنەوەیەتى. هەڵکەوتەى جوگرافیاى نیشتەجێبوونى بۆ شارێکى گەورە دروستنەکراوە، سەرەتا لە چەند ماڵێک و لە نێوان دوو چەم و نزیک بە کانى و کارێز لەدامێنى بەرزاییەکانى (بان موغان) وەک گوندێک بونیاتنراوە. ئەمیش وەک بناغەى هەریەک لە گوند و شار و شارۆچکەکانى دیکەى کوردستان و جیهان، سەرەتا ئاوەدانییەکى بچووک بووە، بەڵام بەهۆى ئەوەى رێگەى کاروان سەرا بووە لە شارەزوورەوە بۆ کەرکووک، بەخێراییەکى زیاتر لە گوندێکى ئاسایى لە ناوچەکانى دەوروبەرییەوە روویان تێکردووە و گەشەی سەندووە.
 
پێ بە پێى گەورەبوونى و زیاتربوونى دانیشتووانەکەى، هێدى هێدى کێشەى کەمئاویش سەریهەڵداوە. ئەو سەرچاوانەى لە چەم و کانى و کارێز و بیرى ئاوى ماڵاندا هەبوون، هاوتەریب نەبووە لەگەڵ ئەو گەشەسەندنە خێرایەى شارەکە. بەتایبەتیش لەلایەک بەهۆى سیاسەتى بەعەرەبکردنى کەرکووک، لە شەستەکانەوە ئاوارەى کەرکووک رادەگوێزرێن بۆ چەمچەماڵ، لە ناوەڕاستى هەشتاکانیشەوە پرۆسەى راگواستنى گوندەکان و دواتریش لە پرۆسەى ئەنفالدا، سەرجەم گوند و ناحێکانى دەوروبەرى راگوێزران و ئەوەى لە ئەنفال رزگارى بوو، لە چەمچەماڵ نیشتەجێکرا. شارەکە چەند بەرامبەر لە قەبارەى خۆى گەورەتر بووەتەوە، بەبێ ئەوەى سەرچاوەکانى دابینکردنى ئاوى خواردنەوەى فراوان بکرێت.
پەیوەست بە کێشەى کەم ئاوى چەمچەماڵ، ئەوەى لە مێژوویى ئەدەبیاتى ئەم شارەدا تۆمارکراوە بەدیاریکراوى لە چلەکانى سەدەى رابردووەوە، لە سەردەمى شاکر فەتاح لە رۆژنامەى چەمچەماڵ، باس لەوەکراوە لەوەرزى هاویندا کێشەى کەم ئاوی کێشەیەکى سەرەکیی شارەکەیە.
 
شوانى کادر لە کتێبى (خەونى دایکم و شۆڕشى ئێمە) سەرگوزشتەیەک دەگێڕێتەوە، (ئەحمەد مەلا کەریم) کە مامۆستا بووە لە کەرکووک، لە هەشتاکانى سەدەى رابردوو خۆى هەڵبژاردووە بۆ ئەندامێتیی پەرلەمانى عێراق و هاتووەتە چەمچەماڵ بۆ کۆکردنەوەى دەنگ، کۆبوونەوەیەکى جەماوەرى رێکخستووە، لە کۆبوونەوەکەدا داوای کردووە خەڵکى چەمچەماڵ دەنگى پێبدەن. هاووڵاتییانى شارەکە داوایانکردووە کە چەندین ساڵە شارەکەمان کێشەى ئاوى هەیە ئەگەر تۆ بەڵێنمان پێبدەیت کێشەى بێئاوى چارەسەر بکەیت ئێمەش بەڵێنت پێدەدەین دەنگمان بۆ تۆ بێت. بەربژێرەکە بەڵێن دەدات ئەگەر خەڵکى چەمچەماڵ دەنگى پێبدەن و ببێت بە ئەندامى پەرلەمان، وا لە شارى چەمچەماڵ دەکات وەک شارى (ڤینیس) ماڵ بە ماڵ بە بەلەم هاتووچۆ بکەن. نازانم ئەوکات ئەو بووە پەرلەمانتار یاخود نا، بەڵام لەوکاتەوە درۆ لەگەڵ خەڵکى چەمچەماڵ دەکەن. 
 
لە ساڵى 2000یشدا کە ئەوکات هەرێمى کوردستان دوو ئیدارەیى بوو، لە سنوورى ئیدارەى سلێمانى بڕیاری هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى شارەوانییەکان درا، ئەوکات لە چەمچەماڵ رکابەرى لەنێوان لیستى یەکێتیى نیشتمانى و یەکگرتووى ئیسلامیدا بوو، سەرنجى لیسى یەکێتی و بەڵێنى گەورەیان بۆ شارەکە ئەوە بوو ئەگەر (بە قازمە و خاکەنازیش بێت ئاوى گۆپتەپە رادەکێشن بۆ چەمچەماڵ). چارەکە سەدەیەک بەسەر ئەو بەڵێنەشدا تێپەڕی و رۆژ لەدواى رۆژ شارەکە تینووتر دەبێت. ئەم ساڵ بەهۆى ئەوەى رێژەى باران بارین کەمتر بوو بەراورد بە ساڵانى پێشووتر، پێش وەرزى هاوین ئەم کێشەیە سەریهەڵدا، بەم جۆرە بەردەوام بێت ئەم چەند مانگە ژیان زەحمەت دەبێت لەو شارە. دانیشتووانەکەى زۆربەى کەسوکارى ئەنفالن، خەڵکەکەى توانا و داهاتیان سنووردارە، دەرەقەتى ئەوە نایەن رۆژانە ناچاربن بە پارە ئاو بکڕن. دەبێت حکومەت پلانى چارەسەرى خێراى هەبێت بۆ رزگارکردنى ئەو سەتان هەزار کەسە. 
 
پڕۆژەى ئاوى گۆپتەپە چەمچەماڵ، دەکرێت وەک چارەسەرێکى ستراتیژى تەماشا بکرێت، هەرچەندە ئێستا دەستکراوە بە جێبەجێکردنى و لە قۆناخەکانى سەرەتادایە، بەڵام جێبەجێکردنى کاتى زیاترى پێویستە و لە باشترین حاڵەتدا هاوینى ساڵى داهاتوو تەواو دەبێت. ناکرێت بەهیواى ساڵى ئایندەوە، ئەم چەند مانگەى هاوین خەڵکى چەمچەماڵ بەم دۆخەى ئێستاوە بهێڵدرێنەوە. هیچ ویژدانێک ئەوەى پێ قبووڵ ناکرێت، 15 رۆژ جارێک ئاو بدرێتە ماڵەکانى چەمچەماڵ. کەسوکارى ئەنفال ناچاربن نیوەى ئەو مووچە نیوەناچڵەى وەریدەگرن تەرخانی بکەن بۆ کڕینى ئاو. ئەوەى ئێستا وەک سەرچاوەى ئاوی شارەکە پشتى پێدەبەستێت دوو پڕۆژەیە، یەکەمیان چەند بیرێکى ئیرتیوازى بوو لە بان موغان، دووەمیان لقێک لە پڕۆژەى ئاوى دووکان سلێمانی لە تاسڵوجەوە جیاکراوەتەوە بۆ چەمچەماڵ. ئەگەر بەباشى ئیدارەى ئەم دوو سەرچاوەیە بدرێت بە ناچارییەوە بەشى شارەکە دەکات تاوەکو پڕۆژەى ئاوى گۆپتەپە چەمچەماڵ تەواو دەکرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەردوو ئەم پڕۆژەیەش دەستدرێژی کراوەتە سەر و بەشێکى زۆرى لێ دەدزرێت کە ئەمە غەدرێکى گەورەیە لە چەمچەماڵ دەکرێت.
 
لە تاسڵوجەوە تاوەکو دەگاتە خەزانى ئاوى چەمچەماڵ، لە چەندین شوێن بۆڕیی گواستنەوەى ئاوەکە کون کراوە، وەک دەگوترێت باخ و حەوزى ماسى و کێڵگەى پەلەوەری و چەندین پڕۆژەى لەسەر دروستکراوە. هەروەها بیرەکانى بان موغانیش هەندێکیان لەلایەن دەستڕۆ و دەسەڵاتدارانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە. کێشەکە ئەوەیە خەڵکانێک هەن لەو سنوورە بەکردار لە بەرپرسە ئیدارییەکانى حکومەت دەسەڵاتدارترن، واتا لە سەرووى یاسەوەن. حکومەت دەسەڵاتى بەسەریاندا ناشکێت و ناتوانێت ئەو زیادەڕۆییانەى کردوویانەتە سەر ئاوى چەمچەماڵ، رایبگرێت. تاکە کەسێک بتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و یارەمەتیدەربێت لە تێپەڕاندنى قەیرانى ئاو لە چەمچەماڵ تاوەکو ئەوکاتەى ئاوى گۆپتەپە دەگاتە شارەکە، بەڕێز بافڵ تاڵەبانییە. ئەو دەتوانێت هێزێک رابسپێرێت بۆ هەڵگرتنى ئەو زیادەڕۆییانەى کراونەتە سەر بۆڕى ئاوەکە، تەنیا و تەنیا بە کەسێکى وەک ئەو چارەسەر دەکرێت، ئەگینا ئیدارەى ئەو ناوچەیە ناتوانێت رووبەڕووى ئەوانە بێتەوە کە زیادەڕۆییان کردووەتە سەر ئاوى چەمچەماڵ. بۆیە داواکارم خەڵکى چەمچەماڵ و شۆڕش، (خەڵک دەڵێم، نەک دەسەڵاتدارەکانى) پەنا بۆ تاڵەبانیی کوڕ ببەن.

عارف قوربانی نوسیویەتی..


   ئەمانەش بخوێنەرەوە