چۆن پێکهێنانی هاوپەیمانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن شکستی هێنا؟
5 کاتژمێر پێش ئێستا
47 جار خوێنراوەتەوە
ڕۆژی دووشەممە هەواڵی شکستهێنانی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیەندرا کە ماوەی چەند هەفتەیەک بوو هەوڵی پێکهێنانی دەدرا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بۆ ئەنجامدرا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ٧ڕۆژ لە کۆبوونەوەکاندا، بەهۆی نەبوونی متمانە بە یەکتر هیچ کام لەلایەنەکان نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتن و بە مەرجەکانی یەکتر رازی بن ئەوەش بووەتە هۆی شکستهێنانی گفتوگۆکان.
هاوکات رۆژی یەکشەممە رەوتی هەڵوێست بە سەرۆکایەتی عەلی حەمەساڵح رایگەیاند ئامادە نین بچنە ناو هاوپەیمانێتیەکەوەو بیانووی شەفاف نەبوونی ئامانجەکانی هاوپەیمانێتییەکەیان کردە هۆکاری بەشداری نەکردنیان.
سەرەڕای شکستهێنانی گفتوگۆکان، یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسیدا بڕیاری بەردەوامی گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی داوە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکە.
بە گوێرەی زانیارییەکان ئەهوەنترین خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنەکان سەرۆکایەتیکردنی هاوپەیمانێتییەکە بووە، نەوەی نوێ، یەکگرتوو و کۆمەڵ بە جیا داوای سەرکردایەتی کردنیان کردووە، بۆیە تەنانەت لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتیکردن رێک نەکەوتوون.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی دەستوەردانی یەکێتی نیشتیمانی، پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکە شکستی هێناوە بەو پێیەی بوونی ئەو یەک لیستییەی بە دژی خۆی زانیوە.
بەشێک لەلایەنەکان بەهۆی ئەوەی لە ژێر کاریگەری بڕیارەکانی یەکێتیدا بوون بیانووی جیاوازیان بۆ بەشداری نەکردن هێناوەتەوە ئەوەش وایکردووە هەوڵەکان شکست بهێنن.
لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بەردەوام جێگەی رەخنەی هاووڵاتیان بوون و نەیانتوانیوە ببنە جێگەی متمانەی دەنگدەران ئەوەش بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی لە نێوانیاندایە، لە کاتێکدا سەرجەمیان بێ جیاوازی دژایەتیکردنی ئەو دوو حیزبەیان کردووەتە دروشمی کارەکانیان.
بە گوێرەی شیکردنەوەی چاودێران، رێک نەکەوتنی ئەو لایەنانە لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک ئەوەندەی دیکە پێگەیان لاواز دەکات و گومانەکانی سەریان زیاتر دەکات کە ژێر بە ژێر خۆیان بەسەر پارتی و یەکێتیدا ساغ کردووەتەوە.
ئەم هێزانە بەردەوام گومانی ئەوەیان لێ کراوە کە پارتی و یەکێتی سەرچاوەی داراییان بن و لە کاتی پێویستیدا لەبەرژەوەندی ئەو دوو حیزبە هەنگاویان ناوە.
نەگەیشتنە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکەش وەک بەشێک لە دەستوەردانی پارتی و یەکێتی لە گفتوگۆکان لێکدراوەتەوە.
وا بڕیارە رۆژی ١١ی مانگی یانزەی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت کوردیش وەک هەمیشەو ئەمجارەش بە پەرتەوازەیی بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکات.
|