سری سورەییا ئۆندەر کۆچی دواییکرد
13 کاتژمێر پێش ئێستا
93 جار خوێنراوەتەوە
سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی کە هاوکات شاندی دەم پارتی بوو بۆ دیدارەکانی ئیمرالی، کۆچی دوایی کرد.
دوای 18 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەیەکی ئیستەنبووڵ، سری سورەییا ئۆندەر کاژێر 4.10ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 3-5-2025 کۆچی دوایی کرد و نەخۆشخانەکەش لە راگەیێندراوێکدا ئەوەی پشتڕاستکردەوە.
نەخۆشخانەکە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، ئۆندەر بەهۆی لاوازبوون و لەکارکەوتنی بەشێک لە ئەندامەکانی جەستەی، بەرگری نەما و گیانی سپارد.
سری سورەییا ئۆندەر، شەوی سێشەممە 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو، دواتر دەرکەوت تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە.
ئەو کات پزیشکان رایانگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و پاشانیش جەڵتە لێی داوە.
هەر لە سەرەتاوە دەیانوت: "وەڵامدانەوەی نەخۆشەکەمان بۆ چارەسەرییەکان کەمە، ئاوسانی مێشکی بەردەوامە و مەترسییەکانی سەر ژیانی تادێت روو لە زیادبوونە".
سری سورەییا ئۆندەر کێیە؟
- ساڵی 1962 لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان لە خێزانێکی تورکمان لەدایکبوو.
- لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئەنقەرە خوێندی و تاوەکو قۆناخی دوو بەردەوام بوو.
- وێڕای ئەوەی سیاسەتڤان بوو، کاری رۆژنامەڤانی، دەرهێنانی فیلم، سیناریۆنووسینیشی دەکرد؛ هاوکات لە چەندین فیلمیشدا وەک ئەکتەر رۆڵی بینیبوو.
- رۆڵی گرنگی لە پرۆسەی چارەسەریی 2013 - 2015 لە تورکیا هەبوو و ئەم ساڵیش سەرۆکی شاندی دەم پارتی بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی بوو
- لە هەڵبژاردنی 2015ـی پەرلەمانیی تورکیادا لەسەر لیستی پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) خۆی بەربژێر کرد و بووە پەرلەمانتاری پارتەکە لە بازنەی ئەنقەرە
- لە دوایین هەڵبژاردنـی 2023ـی پەرلەمانیی تورکیادا بووە پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ
- بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی بوو
|