ئەمریکا لەبارەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە هاتە دەنگ
15 کاتژمێر پێش ئێستا
214 جار خوێنراوەتەوە
راپۆرتێکی حکومەتی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەرەوپێشچووندان، وێڕای ئەوەی رووبەڕووی هەندێک "بەربەستی بەردەوام" دەبنەوە.
راپۆرتەکە بە هاوبەشی لەلایەن پشکنەرانی گشتیی وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوە و ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکاوە بە کۆنگرێس دراوە، باس لە چالاکییەکانی چارەکی یەکەمی ئەم ساڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ئاژانسەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەکات.
راپۆرتەکە دەڵێت، "لەگەڵ هەبوونی ژمارەیەک هەڕەشەی ئەمنی و ناڕوونیی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکە، بەرەوپێشچوونی چاکسازییەکانی پێشمەرگە بەردەوام بوون."
بەڵام بەگوێرەی راپۆرتەکە، چاکسازییەکان هێشتا رووبەڕووی ژمارەیەک بەربەست دەبنەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "لایەنگریی کۆنی حیزبی" لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا "هێشتا بە زەقی دیارە و دەتوانێت ببێتە هۆی بێ متمانەیی."
ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی پشتیوانی لە هەوڵەکانی یەکخستنەوەی هێزەکان و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات.
بۆ پشتیوانیکردن لە چاکسازییەکان، وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەیلوولی ساڵی 2022 یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد، دواتر لە سەرەتای 2024 نوێیان کردەوە.
یاداشتنامەکە نەخشەڕێی یەکخستنەوە، سەردەمیانەکردن و پیشەییکردنی وەزارەتی پێشمەرگە دیاری دەکات.
یەکێک لە هەنگاوە سەرەکییەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، گواستنەوەی هێزەکانە لە یەکەکانی 70ی سەر بە یەکێتی و 80ی سەر بە پارتی بۆ ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە. ئامانجەکە بریتییە لە پێکهێنانی 11 یەکەی پیادە لەژێر فەرمانی دوو فەرماندەیی ناوچەیی لەگەڵ دوو هێزی پشتیوانی، کە هەموویان لە کاتی تەواوبوونی جێبەجێکردنی پلانەکەدا، 138 هەزار پێشمەرگە لەخۆدەگرن.
راپۆرتی پشکنەری گشتیی ئەمریکا کە باس لە پێشهاتەکانی 1ی کانوونی دووەم تاوەکو 31ی ئاداری ئەم ساڵ دەکات، روونی دەکاتەوە کە چوار لەو 11 یەکانە "بە تەواوی یان بە نیمچەیی" دەستبەکار بوون و دووی دیکەش سەرقاڵی وەرگرتنی ئەندامن.
بەڵام ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا بە پشکنەرانی گشتیی راگەیاندووە، "لە قسەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە کە نیگەرانی هەیە لەسەر ئەوەی تەنانەت لە دوای گواستنەوەی هێزەکان لە یەکە حیزبییەکانی حەفتا و هەشتاوە، هێشتا حیزبایەتی لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە."
ناسەقامگیریی ناوچەکە، ناکۆکیی سیاسیی نێوخۆیی و ئاستەنگە کارگێڕییەکان، بەشێکی دیکەی بەربەستەکانی بەردەم چاکسازییەکانن.
رووداوەکانی سووریا لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، ململانێی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا، مانەوەی داعش، جموجووڵەکانی حەشدی شەعبی و ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی مووچە و بودجە، بەشێکن لەو ئاڵنگارییانەی راپۆرتەکە دەڵێت دێنە پێش چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە پشکنەرە گشتییەکەی راگەیاندووە، هەردوو فەرماندە ناوچەییەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو وادەیەی کە بۆیان دیاریکراوە، ناتوانن دەستبەکاربن، بەڵکو دوادەکەون.
28ی نیسان، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، لە هەولێر وتی، "هەموو کات هەوڵەکانمان لەپێناو سەرخستنی چاکسازی بووە لە وەزارەتی پێشمەرگە. بە ویست و ئیرادەیەکی بەهێزی کوردستانییەوە، وەک تیمێکی پێکەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە کارمان کردووە، هەر ئەوەش رێگە دروست و نیشتمانییەکەیە."
|