خولی سێیەمی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا كۆتاییهات
21 کاتژمێر پێش ئێستا
379 جار خوێنراوەتەوە
میدیای فەرمی ئێران بڵاویكردەوە، خولی سێیەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمریکا لە شاری مەسقەتی عومان و بە نێوەندگیری وەزیری دەرەوەی عومان کۆتاییهات. لایخۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵیت، "دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمریکا لە کەشێکی جددیدا بەردەوامە و بۆچونەکانیان لەبارەی كەمكردنەوەی سزاكان و بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران ئاڵوگۆڕكرد".
میدیای فەرمی ئێران بڵاویكردەوە، خولی سێیەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمریکا بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شاری مەسقەتی عومان و بە نێوەندگیری وەزیری دەرەوەی عومان کۆتاییهات.
لایخۆیەوە ئیسماعیل باقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویكردەوە، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمریکا لە کەشێکی جددیدا بەردەوامە و لایەنەکان هەڵوێست و بۆچونەکانیان لەبارەی کەمکردنەوەی سزاكان و دروستکردنی متمانە سەبارەت بە سروشتی ئاشتیانەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران/پاراستنی مافی ئێران بۆ بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی لە ڕێگەی لایەنی عومانییەوە ئاڵوگۆڕ دەکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیاندنی دەزگای دیپلۆماسی ئێران، خولی سێیەمی دانوستانەکان گفتوگۆی شارەزایی و تەکنیکیش لەخۆدەگرێت. بەو پێیە تیمی پسپۆڕی ئێران بە سەرۆکایەتی ماجید تەخت ڕەوانچی، جێگری کاروباری سیاسی وەزیری دەرەوەی و کازم غەریبابادی جێگری یاسایی و کاروباری نێودەوڵەتی وەزیری دەرەوەی بەڕێوەدەچێت.
|